هەردی سەلاح باس لەوەدەكات هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەیە كە بەرهەمی هونەری بڵاونەكاتەوە، بەڵام گۆڕینی ئەو هەڵوێست و بڕیارەش بەدوورنازانێت، سەبارەت بە پەیوەندیكردنی بە یەكێتی-یەوە دەڵێت، “لەناو یەكێتیدا ئازادی و هەستكردن بە بوونی مرۆڤ زیاترە”.
هونەرمەند هەردی سەلاح لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی تۆڕی میدیایی ئێستادا دەربارەی ئایا بەنیازە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ناو دونیای هونەر و بەرهەمی نوێ بڵاوبكاتەوە ڕایگەیاند، “15 ساڵ لەمەوبەر بە قەناعەتەوە وازمهێناوە، تائێستا هەر ئەو قەناعەتەم هەیە و لەڕووی بەرهەمی نوێی هونەری وەڵامەكە نەخێرە”.
وتیشی، “بەڵام ئەمە مرۆڤە و لەوانە سبەی ڕووداوێك هەبێت، پێویست بە كاری هونەری بكات، ئەوكات بۆ نا؟!”.
هاوكات دەنگۆی هەندێك لە خەڵكی ڕەتكردەوە و خۆی وتەنی “ناكرێت و ناهێڵن و ناگوترێت، ئەوەنییە، لەوانەیە لە ئایندەدا ئیشێك بكرێت تا ئەو دەنگۆ و بەیت و بالورانە نەكرێت” لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیكردەوە، “بەڵام ئەوە قەناعەتی خۆمە جارێكی دیكە وەك بەرهەمی هونەری نەیەمە ناو وەسەتەكەوە”.
دەربارەی هۆكاری دەرنەكەوتنیشی لەدوای بڕیاری وازهێنانی لە كاری هونەری، هەردی سەلاح ڕوونیكردەوە، لەوكاتەوەی وازی لەكاری هونەری هێناوە بە پێویستی نەزانیوە چاوپێكەوتن بكات، چونكە “سۆشیال میدیا بووەتە جێی ململانێی ناجۆر و نامرۆیی، تا دووربیت لە سۆشیال میدیا ویستومە دووربم لەو ئاڵۆزیی و جەنجاڵیە”.
سەبارەت بە هۆكاری پەیوەندیكردنی بە یەكێتییەوە و ئایا پاڵنەری ماددی هەبووە؟، ئەو هونەرمەندە كە پۆستی ڕاوێژكاریی هونەریی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێدراوە وتی، مرۆڤ خواستەكانی یان مادییە یان مەعنەوییە، لەڕووی مەعنەوییەوە بەر لەوەی بچێتە ناو یەكێتییەوە، بەشێكی زۆری خەڵك ناسیویەتی و لە قۆناغی ناوبانگدا بووە، بەڵام خۆی بەقەناعەتەوە وازی لەوە هێناوە.
ئەوەشی وت، “بۆ هیچ پۆست و داواكارییەك نەهاتووم ببمە یەكێتی، ئەوەی بەمنیش دراوە ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسییە، تەنها ڕاوێژكارییە” و هیچ پۆست و بڕیار و قسە و سەرفیاتێكی لەدەستدانییە، بەڵكو لە بواری خۆی لە ڕووی باكگراوندی ئەكادیمی، هەروەها بەو ئەزموونەی هەیەتی دەیەوێت ڕاوێژكاریی هونەری باش بۆ توێژی هونەرمەندان بكات.
دەربارەی دۆخی هونەرمەندانیش باسی لەوەكرد هەندێك لە كێشەكان پەیوەندی بە خودی هونەرمەندەوە هەیە، هەندێكی دیكەیشی پەیوەندی یە تێگەیشتنی دەسەڵاتەوەیە، حكومڕانی كە بەرامبەر هونەر لەسەر ڕێڕەوێكی دیراسەكراو مامەڵەی نەكردووە، لەو چێوەیەدا بووە كە ویستوویەتی ئەگەر بتوانێت شتێك بكات لەناو یەكیتی و ڕاوێژێك بدات لە بەرژەوەندیی خەڵكی باش و گەنج و لێهاتوو.
هاوكات تێڕوانین و بڕیاری یەكێتیشی بۆ هونەر و ڕۆشنبیری ڕوونكردەوە و وتی، مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ هونەردا بۆ ڕۆژ و بەكارهێنان نییە، یەكێتی باوەڕی بە پرسەكانی پەیوەندیدار بە هونەر هەیە، گەیشتووە ئەو قەناعەتەی یەكێك لە پرسەكانی خزمەتكردن هونەرە.
ئەوەشی وت، سەرەتای یەكێتی كە دروستبووە بزوتنەوەیەكی فكری ئەدەبی بووە، مامۆستا ئبراهیم ئەحمەد، نەوشیروان مستەفا، مام جەلال یەكێك لە ڕۆشنبیر و ئەدیب و ڕۆشنبیرە ناودارەكانی كوردستان بوون. ئاماژەی بەوەشكرد، لەناو یەكێتیدا ئازادی و هەستكردن بە بوونی مرۆڤ زیاترە، ئەوە حەقیقەتێكە.
سەبارەت بە ئەگەری كڕینیش هەردی سەلاح باسی لەوەكرد كە ئەو بەوپەڕی توانای دارایی خۆیەوە چووەتە ناو یەكێتی و بەر لەوە توانایەكی دارایی گونجاوی هەبووە كە پێویستی بە پارە و پۆست نەبووە، بەڵكو هەستی بەو ئازادییە كردووە كە لە ناو یەكێتی هەیە و لە شوێنی دیكە بە پارە ناكڕدرێت.
ڕەتیشیدەكاتەوە پێشتر كادری پارتی بووبێت و ڕوونیكردەوە، تەنها بۆماوەیەك لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیاندا كاریكردووە و وەك پابەندییش، هیچ پابەندییەكی بە پارتییەوە نەبووە.