وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون لەبارەی هۆكاری ئەو تەقینەوەیەی لە كارگەیەكی ئاسن لە ناوچەی تانجەرۆ ڕوویداوە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكدا بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشتر چەند مەرجێكی سەلامەتی بۆ ئەو كارگەی ئاسنە دانرابوو دەبێت ئامێری سۆنەر دابنێت بۆ پشكنینی سەرجەم ئەو ئاسنانەی لە كارگەكە بەكاردەهێنرێن.
وتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت، “پێشتر شوێنی مانەوەی كرێكاران مەترسیداربووە و ئاگاداركراوەتەوە چاكسازی تێدا بكات و ئەو مەرجانەی جێبەجێكردووە”.
بەرپرسەكەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتی، “دوای ڕووداوەكە ڕاستەوخۆ لیژنەیەكی وەزارەت سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كردووە و لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە و تائێستا هۆكاری تەقینەوەكەی دوێنێ نەزانراوە”.
ئاشكرایكرد، دوای دەرئەنجامی لیژنەكە ئەگەر خاوەنی كارگەكە كەمتەرخەمبوو سزای تونددەدرێت.
دوێنێ شەممە، تەقینەوەیەك لەناو كارگەیەكی ئاسن لە ناوچەی تانجەرۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە 13 كەس برینداربوون.