بارانە لافاوهێنەكەی كەنداو عێراق دەگرێتەوە

كەشناسی دەڵێت، بارانە لافاوهێنەكەی كەنداو عێراق دەگرێتەوە و شەممەی داهاتوو دەگاتە باشوور.

دەستەی كەشناسیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشبینییەكانی كەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتووی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، شەممەی داهاتوو باراندەبارێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی كەشناسیی عێراق، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی بەشێك لە وڵاتانی كەنداوی گرتووەتەوە، ڕوو لە عێراق دەكات.

ماوەی چەند ڕۆژێكە شەپۆلێكی لێزمەباران یەمەن، سعودیە و ئیماراتی گرتووەتەوە و لافاوی گەورەی لەو وڵاتانە لێكەوتووە، ڕاگەیەندراوی دەستەی كەشناسیی عێراق دەڵێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئاسمان لە هەردوو ناوچەی باكوور و ناوەڕاستی عێراق ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵەهەوری كەم، بەڵام لە باشوور نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارانبارینی كەم هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.

دەستەی كەشناسیی عێراق پێشبینیكردووە، لە ژێر كاریگەریی شەپۆلەكەی كەنداودا، لە ڕۆژانی داهاتوودا باران لە عێراق ناوچەكانی ناوەڕاستیش بگرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share