عومران خان چۆن بەهێزكرا و بۆچی كەوت؟.. لە پاكستان چی ڕوویدا؟

عومران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان متمانەی لێسەندرایەوە و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر حوكمڕانیدا گرت و سەرۆك وەزیرانی نوێ دەستنیشاندەكەن، بەڵام عومران خان چۆن گەیشتە دەسەڵات و چی وایكرد لاوازببێت و چۆن لە كورسیی دەسەڵات هێنرایەخوارەوە؟.

لە پاكستان چی ڕوویدا؟

“ئەمریكا دووچاری ڕووخانی كردم، چونكە ملم بۆ سیاسەتەكانی دانەدا كە دەیویست پشت لە ڕوسیا بكەم”

ئەمەی سەرەوە وتەی عومران خانە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمریكا لە پشت هەڵوەشاندنەوەی كابینەی حكومەتەكەیەوە بووە، بەڵام وردەكارییەكان چین و چی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی پاكستان دەگوزەرێت؟.

بەرلەوەی ببێت بە سەرۆك وەزیران، عومران خان پاڵەوانی پاكستان بوو لە یاریی كریكێتدا، ساڵی 2018 بە هەڵمەتێكی بانگەشەی بەهێزەوە كە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕانكاریی بەرزكردبووەوە، عومران خان وەك كاندیدی پارتی “بزوتنەوەی ئینساف”ی پاكستانی سەركەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە.

یەكێك لەو خاڵانەی هێز كە یارمەتیدەری عومران خان بوون لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیراندا، پشتیوانیكردنی بوو لەلایەن سوپا و دەزگای هەواڵگرییەوە، هەمان ئەو دوو دامەزراوەیەی كە دەوترێت ناكۆكییەكانی ئەمدواییەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا، لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەوتنی بوون.

بەپێی بەدواداچوونەكانی میدیای جیهانی لەوانە بی بی سی، سوپای پاكستان كە ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لە دیاریكردنی سیاسەتی وڵاتەكە و بەڕێوەبردنیدا، سەرەتا پشتیوانێكی بەهێزی عومران خان بوو، بە ڕادەیەك كە سوپا بەشێك لە كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ناچاركردبوو پشتیوانیی عومران خان بكەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبهێنێت.

دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، عومران خان توانی پێگەی جەماوەریی خۆی بەهێزتربكات، ئەوەش لەڕێگەی ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەكەوە لەوانە جێبەجێكردنی بیمەی تەندروستی. بەڵام دوای ماوەیەك هاوكێشەكە پێچەوانەوە بووەوە و دەنگی ناڕەزایەتیی دژی سەرۆك وەزیران بەرزبووەوە، بەتایبەت كاتێك بژێویی خەڵك ڕووی لە خراپی كرد بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و دابەزینی بەهای ڕوبیەی پاكستانی لە بەرامبەر دۆلاردا.

لاوازبوونی عومران خان و زاڵبوونی ئۆپۆزسیۆن

لەگەڵ قووڵبوونەوەی كێشە ئابورییەكانی پاكستاندا، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە زیاتر هەلەكەی دەقۆستەوە بۆ لێدانی پێگەی عومران خان، تا كارگەیشت بەوەی تۆمەتباربكرێت بە تێوەگلان لە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو دوو تۆمەتەی كە بە درێژایی سێ ساڵی ڕابردوو عومران خان هەمیشە ڕەتیدەكردنەوە و ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتباردەكرد بە هەوڵدان بۆ خستنی لەڕێگەی پڕوپاگەندەوە، بەڵام ئەو هەوڵانەی ناوبراو بێئەنجام بوون، تا سەرئەنجام لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئۆپۆزسیۆن دەستیكرد بە داكوتینی دوایین بزمارەكان لە تابووتی حوكمڕانییەكەی عومران خان.

ڕۆژی سێی نیسان، ئۆپۆزسیۆنی پاكستان هەوڵیدا دانیشتنێكی پەرلەمان ڕێكبخات بەمەبەستی سەندنەوەی متمانە لە حكومەتەكەی عومران خان، بەڵام پارتی دەسەڵاتدار بەری لە هەوڵەكە گرت و نەیهێشت سەرەتا سەربگرێت، بەدوای ئەوەشدا حكومەت بە سەرۆكایەتیی عومران خان پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، بەڵام پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ڕێگرییان لەو هەوڵە كرد لەڕێگەی پێشكەشكردنی داوایەك بە دادگای باڵای پاكستان بەمەبەستی بە نادەستووریی ناساندنی ڕێگریكردن لە سەندنەوەی متمانە لە عومران خان.

لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی ئۆپۆزسیۆندا، عومران خان هاتەدەنگ و وتی، “ئەمریكا دەیەوێت بمخات، چونكە ملكەچی داواكەی نەبووم كە دەیەوێت پەیوەندییەكانم لەگەڵ چین و ڕوسیادا بپچڕێنم”، بەڵام زوو ئەمریكا ئەو بانگەشەیەی ڕەتكردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دادگای باڵای پاكستان لە بڕیارێكدا ڕایگەیاند، “عومران خان و پارتی دەسەڵاتدار ڕەفتارێكی نادەستوورییانەیان نواند، كاتێك ڕێگرییانكرد لە هەوڵی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران”.

بەدوای بڕیارەكەی دادگادا، ئۆپۆزسیۆنی پاكستان كە لە چەند پارتێكی چەپ و ئایینی و لیبراڵی پێكدێت، ڕێگەی بۆ فەراهەمكرا و دوێنێ پێنجشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ڕێكخست و بە دەنگی 174 پەرلەمانتار لە كۆی 342 پەرلەمانتار متمانەی لە عومران خان سەندەوە و ناوبراوی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوورخستەوە، بەوەش بوو بە یەكەم سەرۆك وەزیرانی پاكستان كە لەڕێگەی پەرلەمانەوە لە پۆستەكەی لابدرێت.

كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران؟

بڕیارە سبەینێ دووشەممە، پەرلەمانی پاكستان سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دەستنیشانبكات و ئەگەرەكان نزیكن لەوەی شەهباز شەریف، برای نەواز شەریف سەرۆك وەزیرانی پێشووتری پاكستان، پۆستەكە بەدەستبهێنێت.

بابەتی پێشتر

فەتح: درز كەوتووەتە نێو هاوپەیمانیی سێ قۆڵی

بابەتی دواتر

شاندێكی حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شوبات بەردەوامە لەبەرزبوونەوە، بەهۆی بڕیاری هاوپەیمانیی ئۆپیک+ بۆ بەردەوامبوون…
Total
0
Share