دابەشكردنی مووچەی مانگی ڕابردووی یەكەم وەزارەتی هەرێم دەستیپێكرد، بڕیارە تا كۆتایی ئەم مانگە مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان بدرێت.
وەك ئەوەی لە خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابوریدا دیاریكرابوو ئەمڕۆ یەكشەممە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەستیپێكرد.
لیژنەی مووچەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی ڕوویان لە بانكەكان كردووە و لە هەندێك فەرمانگەش پارە وەرگیراوە و دابەشكردنی مووچە دەستیپێكردووە، وەك ئەوەی چەند سەرچاوەیەك بە تۆڕی میدیایی ئێستایان ڕاگەیاند.
سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 ڕۆژی مانگی نیسان، ئەمڕۆ مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتە مووچەی مانگی ڕابردوویان وەردەگرن، ئەمەش لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدایە، 200 ملیار دیناری بەغداد (كە مانگی ڕابردوو ڕەوانەی كردووە) لە بەردەست حكومەتدایە.
لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا بەشێك لە فەرمانگەكان مووچەی مانگی شوبات-یان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ بەهۆیەوە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێترنەریی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا.