وەزیری تەندروستی: كێشەی دەرمان تازە نییە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم

وەزیری تەندروستیی هەرێم دەڵێت، ماوەیەكە كێشەی كەمبوونەوەی دەرمان هەیە و دەربارەی ئەو گرفتەش كە لە سلێمانی سەریهەڵداوە ڕوونكردنەوە دەدات و پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵاش بۆ تاوتوێكردن و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ئاشكرادەكات.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند، ماوەیەكە كێشەی كەمبوونەوەی دەرمان هەیە.

دڵنیایشیدایە هاوڵاتییانی سلێمانی كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی ناهێڵن بگاتە ڕادەیەك نەخۆش پێویستی بە دەرمان بێت، بەتایبەت پێداویستییە سەرەكییەكان كە پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە.

سەبارەت بە هۆكاری كێشەكە سامان بەرزنجی وتی، پەیوەندی بە “كێشەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دەرمانە، كە خەرجكردن لەناو سنووری تەندروستی-دا نییە”.

بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی هەموو دەسەڵاتێكی یاسایی و كارگێڕی هەیە لەڕووی دابینكردنی دەرمان بە كڕین بێت یان لەڕێی تەندەرینەوە تا دەگاتە چەك، بەڵام خەرجكردنی چەكی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان لای بانكەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكەكانی سلێمانیە.

بۆ تاوتوێكردنی ئەو كێشەیە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە سامان بەرزنجی وتی، “لیژنەكە لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی و بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی دارایی پێكهێنراوە، سەردانی سلێمانی دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكەكان ئەم كێشەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی چارەسەربكەین، كە كێشەی نەبوونی پارەی نەختینەیە”.

 

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک: فێربوونی مۆسیقا تەندروستیی مێشک بەهێزدەکات

بابەتی دواتر

کۆمپانیای "فۆرتنایت" 144 ملیۆن دۆلار بۆ قوربانییەکانی ئۆکرانیا کۆدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share