ڕۆژنامەیەكی فەرمیی عێراقی دەستپێشخەرییەكی نوێی پارتی بۆ یەكێتی بڵاودەكاتەوە، كە پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماربێت بۆ یەكێتی بە مەرجێك لەچوارچێوەی هەماهەنگیی شیعییەكان بێتە دەرەوە و بچێتە پاڵ سەدر و سوننییەكان.
ڕۆژنامەی “سەباح”ی سەر بەتۆڕی میدیايی فەرمیی عێراقی بڵاویكردووەتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەی پارتی ڕەتكردووەتەوە.
ڕۆژنامەكە وردەكاریی زیاتری دەستپێشخەرییەكەی پارتی خستووەتەڕوو، كە ئامادەن دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماربن بۆ یەكێتی بە مەرجێك یەكێتی لەهاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەكان بێتە دەرەوە و بچێتە پاڵ هاوپەیمانیی سێقۆڵیی سەدر و پارتی و سوننییەكان.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ناو یەكێتییەوە بڵاویكردووەتەوە، پارتی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەنهێنی پەیامێكی ئاراستەی یەكێتی كردووە كە ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار بێت بۆ یەكێتیی، بەمەرجێك یەكێتی بچێتە پاڵ هاوپەیمانیی سێقۆڵی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.