لیژنەی دارایی: دەتوانرێت بە داهاتی نەوت و ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران مووچە لە كاتی خۆیدا دابەشبكرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داهاتی نەوت زیادیكردووە و لە 800 ملیار دینار زیاترە، لە كاتێكدا بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێویستمان بە 900 ملیار دینارە و دەڵێت، “حكومەت بۆ مووچەی ئەم مانگە بەڵێنەكەی نەبردەسەر كە لە 25ی مانگەوە دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان كێشەی داهاتی نییە و داهاتی نەوت زیادیكردووە و زیاترە لە 800 ملیار دینار لە كاتێكدا بۆ مووچەی فەرمانبەران پێویستمان بە 900 ملیار دیناری مانگانە هەیە و تەنها داهاتی نەوت 800 ملیار دینارە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كرد، “بە پارەی نەوت، داهاتەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دەتوانرێت لە كاتی خۆیدا مووچە دابەشبكرێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پێیوایە، “بەغداد 200 ملیار دینارەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و داهاتەكانی باج و گومرگ كۆدەكرێنەوە، بەڵام مووچەی مانگی سێ تا ئێستا دابەشنەكراوە”.

ئاماژەی بەوە كرد، “هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران نییە و حكومەتی هەرێم خۆی پابەندی بەڵێنەكەی نەبوو كە 25ی هەموو مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بكرێت”.

سەرباری ناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ هەرێمی كوردستان، تائێستا دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران دەستیپێنەكردووە، لە كاتێكدا پێشتر حكومەتی هەرێم بەڵێنی دا 25ی هەموو مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بكرێت.

بابەتی پێشتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕاهێنەری بەرشلۆنە پێش یارییەكەی ئیشبیلیە

بابەتی دواتر

شەش گەشتیار دەچنە بۆشایی ئاسمان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share