ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، عێراق ڕۆژانە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و داهاتی یەك مانگی 9 ملیار دۆلارە و هەرێمی كوردستان بە 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە 4 ملیار دۆلاری لە یەكساڵدا بۆ ماوەتەوە.
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، “عێراق ڕۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، داهاتی مانگی ڕابردووی 9 ملیار دۆلار بووە، هەرێم ڕۆژانە 450هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و بەو پێیەش عێراق 10 هێندەی هەرێم نەوت دەفرۆشێت”.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كرد، داهاتی نەوتی هەرێم 9 ملیار دۆلار بووە و تەنها 4 ملیار دۆلاری بۆ ماوەتەوە، خۆ ئەگەر نەوتی عێراق بەدەست هەرێمی كوردستانەوە بووایە و بەم تاڵانییە بفرۆشرایە عێراق بە درێژایی ساڵی 2021 تەنها 40 ملیار دۆلاری بۆ دەمایەوە.
دابان محەمەد پێیوایە، بودجەی 2021 ی عێراق 129 ترلیۆن دینار بوو لە 28% كورتهێنانی هەبوو بەم پێوەرە عێراق 60 ترلیۆنی دیناری لە نەوت دەستدەكەوت 52% كورتهێنانی دەبوو و هەرێمیش 10 ترلیۆن دیناری عێراقی لە بودجەی 2021 پێكەم بوو،بەڵام 6 ترلیۆن دیناری بۆماوەتەوە!!!
ئەمرۆ پێنجشەممە، كۆمپانیای دیلۆیت بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان و داهاتەكەی لە ساڵی 2021 بڵاوكردووەتەوە كە 9 ملیار دۆلار داهاتی نەوت بووە و زیاتر لە 5 ملیار دۆلار خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت بووە.