وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان “زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەكراوەتەوە، كاریگەرییەكانی گەورە نابن”.
زامیر كابولۆف، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە ئەفغانستان و بەرێوبەری دۆسییەی ئاسیا لە وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە، “ترەمپ پێشتریش ڕایگەیاندووە كە هێزەكانی ئەمریكا دەكشێنێتەوە بەڵام 2 هەزار و 500 سەرباز دەمێننەوە، بەڵام بەرپرسانی كابول هیواخوازن جۆ بایدن بتوانێت لەكاتی گرتنە دەستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “وتەكانی ترەمپ زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەكراوەتەوە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان”.
ئەو بەرپرسە ڕوسییە ڕووی وتەكانی كردووەتە ناتۆ و ڕایگەیاندووە، “بوونی ناتۆ لە ئەفغانستان هیچی لە بارودۆخی وڵاتەكە گۆڕیووە؟، پێویستە بچنە بەردەم ئاوێنەیەك و تەماشای خۆیان بكەن”.
ئەوە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، تا 20ی كانونی دووەمی داهاتوو هێزەكانیان لە عێراق و ئەفغانستان بۆ 2 هەزار و 500 سەرباز كەمدەكەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) ئاماژەی بەوەشكردووە، 2 هەزار سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق دەكشێنێتەوە بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی دۆناڵد ترەمپ،ی سەرۆكی ئێستا.
بەمەش ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە 4 هەزار و 500 سەربازەوە بۆ 2 هەزار و 500 سەرباز كەمدەكرێتەوە، لە عێراق لە 3 هەزارەوە سەربازانی ئەمریكا كەمدەكرێتەوە بۆ 2 هەزار و 500 سەرباز.