بەرپرسێك لە سەرۆكایەتیی كۆمار ڕەتیدەكاتەوە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە پەیوەندی بە د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە كردبێت و دەڵێت، “ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە”.
بەشێك لە میدیاكان و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوە كرد كە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیوەندی بە د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە كردووە و داوای لێكردووە لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێك لە سەرۆكایەتیی كۆمار لێدوانی بۆ میدیای عێراقی داوە و جەختیكردووەتەوە، “ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە”.
بەرپرسەكەی سەرۆكایەتیی كۆمار ڕایگەیاندووە، “ئەوەی بەشێك لە پێگەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە گوایە موقتەدا سەدر پەیوەندی بە سەرۆك بەرهەم-ـەوە كردبێت لەبارەی دۆسیەی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، هەواڵێكی هەڵبەستراوە و لە ڕاستییەوە دوورە”.
هاوكاتی ئەم هەواڵە، ڕۆژنامەی “ئەلعەرەب”ی لەندەنی ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی داوای لە د. بەرهەم ساڵح كردووە لە ڕكابەریی پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە و ئەویش ڕێبەر ئەحمەد دەكشێنێتەوە، بەڵام سەرۆك كۆمار داواكەی ڕەتكردووەتەوە.