دەروازە سنورییەکانی عێراق: کۆنترۆڵی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شوبات ڕایگەیاند داهاتی دەروازە سنورییەکان لە ساڵی 2020دا زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی 2019، جەخت لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکاتەوە.

بەپێی لێدوانی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، داهاتی دەروازە سنورییەکان لە ساڵی 2020دا تریلیۆنێک و 194 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا داهاتەکەی تریلیۆنێک و 122 ملیار دینار بووە، جیاوازی نێوان ئەو دوو ساڵە لە داهاتدا 71 ملیار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی داهاتی دەروازەکان لەکاتێکدایە لە ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی دەروازە سنورییەکان کاریگەریی نەرێنییان هەبووە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕاشیگەیاندووە، ئەو بەرزبوونەوەیە بەهۆی توندکردنی چاودێریی سەر دەروازەکان و سەرپەرشتیکردنی دەروازەکان لەلایەن دەستەی دەروازە سنورییەکانەوە.

سەبارەت بە دەروازە نافەرمییەکان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وتی، “لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان و هەروەها ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت”.

بابەتی پێشتر

دەتوانین بە یەكجاری دەستبەرداری خوێ ببین؟

بابەتی دواتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. دوو کۆڵبەری کورد بە "تەقەی ڕاستەوخۆ"ی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share