پەرلەمانی عێراق عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوە پۆستی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.
پێشتر ڕۆژی شەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە دواخست.
پێشتر چرۆ حەمە شەریف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەگەر لایەنە شیعییەكان لەناو خۆیاندا نەگەنە ڕێككەوتن بۆ كۆبوونەوەكەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا كۆبوونەوەكە هاوشێوەی كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دەبێت و ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواونابێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە کە بە “ئێستا”ی وتووە، ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی ئامادەبوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بە بەراورد بە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو كەمتر دەبێت.