بانكی ڕافیدەین 10 ملیۆن دینار وەك پێشینە دەدات بە خوێندكار، مامۆستا یاخود هەر توێژەرێك بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بانكی ڕافیدەین، پێشینەكە تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی، خوێندكاران و مامۆستایان و توێژەرانی زانكۆكان لێیسوودمەنددەبن بە خوێندكارانی زانكۆ ئەهلییەكانیشەوە.
ڕاگەیەندراوی بانكی ڕافیدەین دەڵێت، پێشینەكە لە ماوەی دوو ساڵدا وەردەگیرێتەوە و ئەو سوودەی دەخرێتەسەری تەنها 4%ـە.
مەرجی پێدانی پێشینەكە، خستنەڕووی بەڵگەیە بەوەی كەسەكە خوێندكار، مامۆستا یان توێژەرە و سەرگەرمی ئامادەكردنی توێژینەوەی زانستییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت فەرمانبەر یاخود مووچەخۆرێكی حكومەت پشتگیری بكات.
لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین ڕایانگەیاندبوو، قەرزی 15 ملیۆن دیناری دەدرێت بە هاوڵاتییان و ماوەی دانەوەی قەرزی 50 ملیۆن دینارییش لە 10 ساڵەوە بۆ 15 ساڵ درێژكراوەتەوە.
ئەو قەرزە 50 ملیۆن دینارییەی كە دەدرێت بە هاوڵاتییان، بەمەبەستی دروستكردنی خانوو یاخود نۆژەنكردنەوەیەتی و فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوڵاتییان دەتوانن وەریبگرن.