مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بارەگای پارتی لە بەغداد لیژنەیەکی ڕاسپارد بۆ دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی لایەن و ئەفسەرە کەمتەرخەمەکانی هێرشەکە، جەختی لە وەستانەوە بەرامبەر هەر هەوڵێکی بۆ کردنە ئامانجی بارەگا حزبییەکان و پیرۆزییە ئاینییەکان کردەوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی کرد، سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی داعش.
ئەنجومەنەکە جەختیکردەوە، بەتوندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەوەستنەوە بۆ لێدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هێرشکردنەسەر هێما و پیرۆزییە ئاینییەکان، یان هێرشکردنە سەر بارەگا حزبییەکان و موڵکی گشتی و تایبەت.
کازمی پێویستیی ڕێگریکردن لە کاردانەوەی دۆخی سیاسی لە شەقامی عێراقی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپارد لە پاراستنی هاوڵاتییان، بارەگا حزبییەکان، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و سەروەت و سامانیان.
هەروەها رایسپارد کەسان و بەرپرسە کەمتەرخەمەکان لە دەستگیربکرێن و لەئەرکەکانیان دووربخرێنەوە.
ئەمەش دوای ئەوەی کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشیکردە سەر سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دواتر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە لە بەغداد هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی و سوتێنرا.