لە بارەی خوێندنی ئەمساڵەوە هۆشداریدەدرێت

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هۆشداری لەبارەی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە دەدات و دەڵێت، “ئەگەر مووچەی مانگی ئازار لە هەفتەی داهاتوودا دابەشنەكرێت بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەكاتەوە و مەترسی لەسەر پرۆسەی خوێندن دروستدەبێت”.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەمڕۆ شەممە لە سنووری پەروەردەكانی سلێمانی و گەرمیان بەشێك لە مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان نەشكاندووە و ئامادەنەبوون دەست بە پرۆسەی خوێندن بكەنەوە تا ئەو كاتەی مووچەی مانگی ئازاریان لە سەرەتای مانگی چوار بۆ خەرجدەكرێت.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ شەممە لە زۆربەی خوێندنگەكان لە سلێمانی پرۆسەی خوێندن دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام مامۆستا هەیە بایكۆتی كردووە و چاوەڕوانی مووچەی مانگی سێ دەكەن كە ئەوە جۆرێكە لە فشاركردن لە حكومەت” .

ئاماژەی بەوە كرد، داواكارییەكانی مامۆستایان بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە یاسایین و ئەگەر حكومەت داواكارییەكانیان جێبەجێنەكات، ئەوا پرۆسەی خوێندن لە كۆتایی ساڵدا دەكەوێتە بەردەم مەترسییەكی گەورە لە كاتێكدا ئەگەر بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوە قۆناغەكانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی تاقیكردنەوەی نیشتمانییان زیانی بەردەكەوێت.

بەرپرسەكەی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان باسی لەوە كرد، ئەگەر لە سەرەتای مانگی نیساندا لیستی مووچە ڕانەگەیەندرێت، گرفتێكی گەورە بۆ پرۆسەی خوێندن دروستدەبێت و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەكاتەوە.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دوێنێ هەینی هەڵویستی خۆی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوە كرد ئەگەر لە سەرەتای مانگی چواردا مووچەی پەروەردە دابەشنەكرێت بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن.

بابەتی پێشتر

ئەندامانی لیژنەی دارایی هەڵبژێردران

بابەتی دواتر

لاپۆرتا: چوار یاریزانی نوێ دەكڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share