بەشێك لە سوننەكان بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمان دەكەن

هاوپەیمانیی عەزم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بایكۆتدەكات.

هاوپەیمانیی عەزم كە موسەننا سامەڕائی سەرۆكایەتی دەكات و 12 كورسیی پەرلەمانیی هەیە، بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ڕاگەیاند.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەپێی دەزگاكانی میدیای عێراقی كە زانیارییان لە سەرچاوەیەكی هاوپەیمانێتییەكە وەرگرتووە، هاوپەیمانیی عەزم بڕیاریداوە ئەو كۆبوونەوەیە بایكۆت بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانیی عەزم دەچێتەپاڵ چێوەی هەماهەنگی و بەشداریی كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكات.

ئەم بڕیارەی هاوپەیمانیی عەزم دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كردبوو بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و نەبنە سێیەكی پەكخەر.

هاوكاتی ئەمە، نوری مالكی سەرۆكی چێوەی هەماهەنگی كە لایەنە شیعییەكان (جگە لە ڕەوتی سەدر) لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاند، چێوە بەشداریی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكات و دەبێتە سێیەكی پەكخەر.

هاوپەیمانیی عەزم لە بەشێك لە لایەنە سوننییەكان پێكدێت و نوێنەرایەتیی بەشێك لە دەنگدەرانی پارێزگاكانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و كەركوك دەكات.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی سبەینێ لەبارەی كاندیدبوونی ڕێبەر ئەحمەد بڕیاردەدات

بابەتی دواتر

نیشانەکانی شێرپەنجەی ئێسك لە ژناندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share