زیاتر لە 100 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆژەیاسایەكدا داوادەكەن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەئەلیكترۆنی و ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە دابەشبكرێت و ئەوەش لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا بچەسپێندرێت.
ڕێبوار كەریم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پرۆژەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی كورد و پێكهاتەكانی دیكەوە واژۆكراوە و ئەو ئەركی ڕێكخستن و كۆكردنەوەی گرتووەتە ئەستۆ.
وتیشی، “بەپێی پرۆژەكە دەمانەوێت دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێتە ئەلیكترۆنی و ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابەشبكرێت”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە پشتیوانی زیاد لە پێویست بۆ پرۆژەكە هەیە و هەفتەی داهاتوو ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن.
ئەوەشی دوپاتكردەوە كە دەیانەوێت دابەشكردنی ڕاستەخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا جێگەی بكەنەوە و بەمەش ببێتە یەكێك لە بڕگەكانی پڕۆژەی بودجە و لەڕێیەوە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم بە جێبەجێكردنی ناچار بكەن.
ئامادەكردنی ئەو پرۆژەیە لەكاتێكدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تشرینی یەكەمیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا موچەی مانگەكانی (4، 5، 6، 7 و 8)یش بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێم ڕاگیرا.
لە بەرامبەردا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی ناوەند دەستیپێكردووە و بڕیارە هەر لەم مانگەدا موچەی دووەم وەربگرن.