پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هەموو سەربەخۆكان ناچنە پاڵ سەدر

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە، هەموو پەرلەمانتارە ‏سەربەخۆكان ناچنە پاڵ موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ئەوەی ‏دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش بە یەكێك لە ئەگەرەكان ناودەبات، بەڵام بە “ئەگەرێكی ‏لاواز” وەسفیكرد.‏

بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی ‏نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەگەر لە كۆبوونەوەی ‏داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێرێت، یەكێك لە ئەگەرەكان ‏دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە، چونكە بابەتەكە تەنها سەرۆك كۆمار نییە، بەڵكو پرۆسەی ‏سیاسی پەكیدەكەوێت و ناتوانرێت كوتلەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێردرێت.‏

پەرلەمانتارەكە ڕوونكردنەوەی دا، “دەبێت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە لە ‏ماوەی 30 ڕۆژدا كوتلەی گەورەی پەرلەمانی ڕاسپێردرێت و لیژنەكانی پەرلەمان ‏هەڵبژێردرێن و دەستبەكارببن، ئەگەر ئەو هەنگاوانە بەرێوەنەچوون، مانای پەكخستنی ‏پرۆسەی سیاسییە لە عێراق”، بەڵام پێشیوایە، “بڕواناكەم هیچ لایەنێك بچێتە ژێر باری ‏ئەو هەنگاوەوە”.‏

بە خوێندنەوەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، “تەواوی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان ناچنە پاڵ ‏كوتلەكەی ڕەوتی سەدر، چونكە پەرلەمانتاری سەربەخۆ نییە، بەشێكیان هاوسۆزن لەگەڵ ‏لایەنێكی سیاسیی و بەشێكی دیكەیان هاوسۆزن لەگەڵ چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان و ‏بەشێكیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەماهەنگییان هەیە”.‏

پێشبینیی كرد، پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بەشداری دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ‏ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و نەچنە ژێر باری ئەوەی پرۆسەكە پەكبخەن، “بەڵام لە ‏مەسەلەی دەنگدان بە كاندیدەكان بۆ سەرۆك كۆمار دابەشدەبن بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا”.‏

بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 26ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەبچێت ‏و زیاتر لە 40 كەس كاندیدن، تا ئێستاش لایەنە كوردییەكان لەسەر كاندیدی هاوبەش ‏نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.‏

بابەتی پێشتر

یوڤیچ جانتاکانی پێچاوەتەوە

بابەتی دواتر

ڕێدبوڵ: کشانەوەمان بەهۆی نەبوونی بەنزینەوە نەبوو

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕیارێک تایبەت بە ماتۆڕسوارەکان دەرچوو

هاتوچۆی هەولێر بڕیاریدا سەرجەم ماتۆڕسوارەکان پابەندبکات بە بەکارهێنانی کڵاوی سەلامەتی لەکاتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلدا. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، بڕیاردرا…
Total
0
Share