“70 ملیار دینار بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم تەرخانكراوە”

كۆبوونەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان و لیژنەی وزە

وەزیری سامانە سروشتییەكان لەگەڵ لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبووەوە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، 70 ملیار دینار بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاوڵاتییانی هەرێم تەرخانكراوە.

ئەمڕۆ کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەكالەت لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی كۆبووەوە و تیایدا پرسی دابینكردنی نەوت و غاز لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا تاوتوێكرا.

پێشەوا هەورامی، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی 70 ملیار دینار بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاوڵاتییان دابینکراوە.

وتیشی، “ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە بە نرخێکی کەم بگاتە دەستی هاوڵاتییان، بەڵام تائێستا وەزارەت پێیان نەوتووین، بۆ ئەمساڵ بە نرخی چەند دەگاتە دەستی هاوڵاتییان، جگە لەوەش داوامانکردووە میکانیزمی گونجاو بۆ دابەشکردنەکەی دیاریبکرێت، ئێمە وەک پەرلەمان هاوکات وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش چاودێری دابەشکردنەکەی دەکەین”.

ئەو نەوتەی بڕیارە ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابینبکرێت، پەیوەندی بەو بڕە نەوتەوە نییە کە ساڵانی ڕابردوو لە هەندێک شوێن دابەشکرا و لە هەندێک شوێنی دیکە نەتوانرا دابەشبکرێت، پێشەوا هەورامی وای وت.

دەربارەی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی غازیش وتی، “ئەوەی لای ئێمە گرنگە و لە وەزارەتمان داواکردوە، لە وەرزی سەرمادا کە بەشێک لە هاوڵاتییان غاز وەک سەرچاوەی خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنن، ڕێگریبکرێت لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بۆ ئەمەش پێشنیاری زۆر پێشکەشکراون، کە یەکێک لەوانە دابەشکردنی غازە لە ڕێگەی کۆبۆنەوە”.

سەبارەت بە نرخی بەنزین-یش ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکرد، “لەئێستا نرخی بەنزین کۆنتڕۆڵکراوە، بەرزیی نرخەکەی بەشێکی زۆری پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانیەوە هەیە، ئەوەی هەوڵیان بۆدا ئەوەبوو کە کوالێتی ئەو بەنزینە 800 دینارییەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکرا بەرزبکرێتەوە، “بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەوەش هیچ کێشەیەکی نەماوە”.

بابەتی پێشتر

جوتیار عادل: سیاسەتی حكومەت لەسەر ڕێچكەیەكی دروستە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتكردن

بابەتی دواتر

کام هەڵبژاردە لە مۆندیال جێگەی ئیکوادۆر دەگرێتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share