لەدەستدانی لەناکاوی کێش، یان لەدەستدانی کێش بەبێ ئەوەی خۆت هەوڵی بۆ بدەیت ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەکی تەندروستی، بەتایبەت ئەگەر سیستمێکی خۆراکیی تایبەت بە کێشدابەزاندن پەیڕەو نەکەیت و وەزشیش نەکەیت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی WebMD ئەگەر زیاتر لە 5٪ی کێشی جەستەت لە 6 بۆ 12 مانگدا لەدەست دا، ئەوا ڕەنگە کێشەیەکی تەندروستیت هەبێت.
ئەمانەی خوارەوە، چەند کێشەیەکی تەندروستین کە دەشێ هۆکاری دابەزینی لەناکاوی کێش بن.
نەخۆشیی شەکرە
بەهۆی کەمیی ئەنسۆلینەوە نەخۆشیی شەکرە دەبێتە هۆی دابەزینی کێش، ئیدی خانەکانی لەش چەوری و ماسوولکەکان دەتوێننەوە تاکو وزە بەدەستبهێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی کێش، هەر لەبەر ئەمەیە کە تووشبوانی شەکرە زۆربەی کات هەست بە تینوێتی و برسێتی دەکەن.
زیادبوونی دەردانی غودەی دەرەقی
کاتێک دەردانی غودەی دەرەقی زیاد دەکات، جەستە کالۆریی زیاتر دەسووتێنێت و کەسەکە بەبێ ئەوەی هەوڵ بدات، بە شێوەیەکی لەناکاو کێشی دادەبەزێت.
ماندوویی دەروونی
ماندوویی دەروونی کاریگەری لەسەر دەردانی هۆرمۆنەکان و سیستمی هەرس دادەنێت و دەبێتە هۆی گۆڕانی کێشی جەستە. ئەم ماندووییە یان دەبێتە هۆی زیادبوونی زۆری کێش، یان دابەزینی زۆری.
نەخۆشییەکانی دڵ
لاوازیی زۆر یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشیی دڵ، چونکە جەستە ڕێژەیەکی زۆر لە چەوری و ماسوولکە و ئێسک لەدەست دەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی مەترسیداری کێش، بە جۆرێک لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چاکبوونەوەی نابێت.
شێرپەنجە
دابەزینی کێش لە نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەیە و لە 40٪ی تووشبوانی شێرپەنجەدا دەردەکەوێت.
نەخۆشیی درێژخایەنی گیرانی سییەکان
بەپێی پزیشکان، کاتێک سییەکان وەک پێویست کار ناکەن، مرۆڤ هەوڵێکی زیاتر لە هەناسەداندا دەدات تاکو بە زیندوویی بمێنێتەوە، چونکە جەستە بە قۆناغێکی سەختی چالاکیدا دەڕوات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی 10 هێندەی باری ئاسایی خێراتر کالۆری بسووتینێت.
خەڵەفان
زۆربەی جار دابەزینی کێشی لەش پەیوەندیی بە خەڵەفانەوە هەیە، ئەمەش توانای بیرکردنەوە و یادەوەری لاواز دەکات و لە قۆناغەکانی دواتردا زیان بە تواناکانی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت. ڕەنگە کێشێکی زۆر لەدەست بدەیت بەهۆی لەبیرکردنی ژەمەکانی خواردن یان کێشەی جوین و قووتدانی خۆراک. بەپێی توێژینەوەیەک، یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی خەڵەفانیان هەیە، کێشەی لەدەستدانی لەناکاوی کێشیشیان دەبێت.