21ی ئازار، جگە لەوەی جەژنی نوێبوونەوە و سەری ساڵی کوردییە، لەلایەن ڕێکخراوی UNESCـەوە وەک “ڕۆژی جیهانیی شیعر”یش دیاریکراوە، کە ئەمیان بەپێی ڕێکخراوە جیهانییەکە، “یەکێکە لە بەنرخترین شێوەکانی دەربڕینی کەلتووری، زمانەوانی و شوناس” کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو بەرهەمی هێنابێت.
قسەوباسێکی زۆر هەن سەبارەت بەوەی لە بنەڕەتدا کام نەتەوە خاوەنی نەورۆزە، بەڵام خوودی ئەو فرەییەش لە خاوەندارێتیکردندا، گوزارشتە لە گرنگییە کەلتوورییەکەی ئەم یادە ساڵانەیە، کە توانیویەتی چەندین نەتەوە و چەندین ڕەگەز و ئایینزا، لەژێر سەیوانی خۆیدا کۆبکاتەوە.. وا دیارە نەورۆزیش وەک شیعر، ناکرێت یەک خاوەن و یەک بنەما و یەک ڕەنگی هەبێت. پەیوەندییەکی قووڵ هەیە لەنێوان نەورۆز، کورد و شیعردا.
یەکەمین کەس بە کوردی باسی نەورۆزی کردبێت، ئەحمەدی خانیی شاعیر بووە. دواتر، یەکەمین کەس یادکردنەوەی نەورۆزی وەک ڕێوڕەسمێکی ساڵانە لە سلێمانی ڕێکخستبێت، “پیرەمێرد”ی شاعیر بووە. هەروەها، یەکەمین شاعیر یادکردنەوەی نەورۆزی وەک بۆنەیەک بۆ بەرگری و پێداگری لە شوناس بینیبێت، فایەق بێکەسی شاعیر بووە، دەمێک لە نەورۆزی ساڵی 1945دا، بە ئامادەبوونی ئیندمۆندز حاکمی ئینگلیز لە عێراق، شیعری “27 ساڵە من ڕەنجبەری تۆم” دەخوێنێتەوە.
شیعر، باڵاترین شێوەی دەربڕینی کەلتوور و شوناسە، نەورۆزیش ڕووداوێکە کورد وەک پێداگرییەک لە لەدایکبوونەوە و ژیانەوەی بەردەوامی خۆی یادی دەکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە، نەورۆز جەژنێکە بەدرێژایی مێژوو ئامادەیی هەبووە، مێژووی کوردیش، تا ئەمڕۆ، بەشێوەیەکی سەرەکی لە شیعری شاعیرانی کورددا بەرجەستەبووە و لەوێوە مێژوونووسان وەریانگرتووە.. بە دەربڕینێکی تر، نەورۆز یادێکی مێژووییە، مێژووش لە نەتەوەی کورددا بەرجەستەبوونێکی شیعریی هەیە.
جەژنێک بۆ فرەیی
نەورۆز بە تاکە جەژن دادەنرێت کە چەندین نەتەوەی سەر بە چەندین ئایین و بیروباوەڕی جیا، لە چەندین کیشوەری جیاجیای جیهانەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕن. هەروەها لە چەندین وڵات و ناوچەی وەک ئێران، عێراق، قیرغیزستان و ئازەربایجان، ئەم ڕۆژە بە پشووی فەرمی دادەنرێت. هەروەك لە تورکمانستان و تاجیکستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان و ئەفغانستان و مەکدۆنیا و قەوقاز و بەلكان و کشمیر و ویلایەتی کۆجاراتی هیندی و باکووری خۆرئاوای چین، بەشێوەی جیاجیا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت.
سەبارەت کورد، بە گشتی لە هەرچوار پارچەکەدا هاوشێوەی یەکدی، خەڵک جلی کوردی دەپۆشن و لە ناوشار و دەرەوەی شارەکاندا، ئاگردەکەنەوە و ڕێوڕەسمەکە بە ئاهەنگ و هەڵپەڕین بەڕێدەکەن. بەڵام ناجێگیریی سیاسی و ناهەمواریی بارودۆخ، وایکردووە کە ڕێوڕەسمەکە لە هەرچوار پارچەکەدا وەک یەک بەڕێوەنەچێت، بەو پێیەی لە باکوور و خۆرئاوای کوردستان، چەندین جار و بە چەندین شێوە، هەوڵدراوە ئاهەنگەکان بەلاڕێدا ببرێن، یان یاساغبکرێن و کار گەیشتووەتە پەلامار و گرتنی خەڵک، هەروەها پرسی “مەزڵووم دۆغان”ی شاعیر و چالاکوانی سیاسییش کە لە نەورۆزی ساڵی 1982دا لە زیندانی ئامەد بۆ یادکردنەوەی جەژنەکە گڕی لە جەستەی خۆی بەردا، نمونەیەکی ترە دەشێت لەم باسەدا بهێنرێتەوە.
یادکردنەوەی نەورۆز لەلایەن چەندین نەتەوەوە و لە چەندین ناوچەدا جێی سەرنجە، لەوەش سەرنجڕاکێشتر ڕەنگە باسکردنی بێت لەلایەن شاعیرانی چەندین نەتەوەی جیاجیاوە. لە نەتەوەی عەرەبدا، هەریەک لە موتەنەبی، بەحتەری و بەدر شاکر سەیاب، لە فارسدا هەریەک لە حافز و سەعدی، لە کوردیشدا هەریەک لە گۆران و پیرەمێرد و خانی و چەندین شاعیری دیکە، لەبارەیەوە نووسیویانە.
نەورۆز و شاعیرانی کورد
ئەحمەدی خانی یەکەمین کەسە بە کوردی لەبارەی نەورۆزەوە شیعری نووسیبێت. ئەو لە داستانی “مەم و زین”دا دەنووسێت: “یهعنی کو دههاته برجێ سهرساڵ
قهت کهس نهدهما ده مهسکهن و ماڵ
بیلجومله دهچوونه دهر ژماڵان
حهتتا دهگههیشته پیر و کاڵان
رۆژا کو دهبوویه عیدێ نهورۆز
تهعزیم ژ بۆمه دهما دڵ ئهفرۆز”.
پاش ئەوەی پیرەمێردی شاعیر گردی “مامەیارە” دەکاتە شوێنی ڕێوڕەسمی ساڵانەی نەورۆز، لە ساڵی 1945دا ئیدمۆدزی حاکمی ئینگلیز لە عێراق دێتە سلێمانی، تاکو ماڵئاوایی لە خەڵکەکەی بکات. لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا فایەق بێکەس شیعرە بەناوبانگەکەی (27 ساڵە من ڕەنجبەری تۆم) دەخوێنێتەوە، ئیدی دوای ئەوە خۆپیشاندانێکی گەورە ڕوودات و خەڵک دێنە ناوشار، تاکو لە بەردەرگای ماڵی موتەسەریف کۆببنەوە.
سێ ساڵ دواتر و بەر لە نەورۆزی ساڵی 1948، گۆرانی شاعیر لەگەڵ قادر دیلانی هونەرمەنددا ڕێکدەکەون کە ئۆپێرایەک لەبارەی نەورۆزەوە ئامادە بکەن و لە یادەکەدا نمایشی بکەن. گۆران پەردەی یەکەمی دەقەکە دەنووسێت، کە لەبارەی ئەفسانەی زوحاک و کاوەی ئاسنگەرەوەیە، بەڵام بەهۆی ساردبوونەوە و پاشگەزبوونەوەی قادر دیلان-ـەوە، دەقەکە نمایش ناکرێت و تەنیا لە پەردەی یەکەمیدا دەمێنێتەوە، کە دواتر گۆران بە تەواونەکراوی لە گۆڤاری بەیان-دا بڵاویدەکاتەوە. لە دەقە تەواونەکراوەکەی گۆراندا، پاش ئەوەی کورد دەگەنە ئەوەی لەژێر جەوری زوحاکدا بڕیاری ڕاپەڕین بدەن، کاوەی ئاسنگەر وەرزی زستان بە گونجاو نازانێت و داوایان لێدەکات لە بەهاردا ئەو کارە بکرێت، بۆیە بە بێزارییەوە پێیان دەڵێت:
جووڵە بە زستان ئەتەزێ
سەرما وەکوو مار ئەگەزێ!
تا گوڵاڵە دەشت سوور نەکا
پیاو ئاسان خوار و ژوور نەکا
دەست دانە شۆڕش گرانە
لەم وڵاتی کوردستانە!”