حکومەتی تاڵیبان لەبارەی نەورۆزەوە ڕوونکردنەوە دەدات

حکومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند، بەبۆنەی نەورۆزەوە ئەم هەفتەیە لە ئەفغانستان هیچ پشوویەکی فەرمی نابێت، بەڵام خەڵک دەتوانن ئاهەنگبگێڕن.

محەمەد یونس سدیقی وتەبێژی وەزارەتی کاری ئەفغانستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشكرایكرد، ڕۆژی دووشەممە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ناکرێتە پشوو.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە پشوو لەگەڵ “شەریعەتی ئیسلامدا” ناگونجێت، بەڵام ڕێگرییش لە ئاهەنگگێڕانی خەڵکانی مەدەنی ناکرێت.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئەفغانستان ڕوونیکردووەتەوە، “ئێمە بە فەرمی ئاهەنگی نەورۆز ناگێڕین، بەڵام ئەگەر خەڵک ویستیان لەو ڕۆژەدا شتێک بکەن، ئەوا ئێمە ڕێگرییان لێناکەین”.

ئەمە لە کاتیکدایە بەپێی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، بزوتنەوەی تاڵیبان “شکستیهێناوە” لە بەڵێنەکەیدا بۆ ئەوەی ئەفغانستان نەکاتە ناوچەیەکی کراوە بەڕووی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، بەو پێیەی هێشتا چەند لقێکی سەر بە “ئەلقاعیدە” و “داعش” لە ناوچەکەدا چالاکییان هەیە.

بابەتی پێشتر

كازمی: با نەورۆز بكەین بە دەرفەت بۆ پەرەدان بە بەهاكانی خۆشەویستی

بابەتی دواتر

لەدەستدانی لەناکاوی کێش نیشانەی کێشەی تەندروستییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share