نیویۆرک تایمز: لە هێرشەکانی ئەمریکادا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەزاران مەدەنی ‏كوژراون

بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەریانخستووە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا لە ‏ساڵی 2014وە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست ئەنجامیداون، بوونەتە هۆی کوشتنی هەزاران ‏هاوڵاتیی مەدەنی. ‏

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا کە لە ‏خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیداون “پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی ورد”، هەزاران ‏مەدەنییان لەو ناوچانە کوشتووە، کە زۆرینەیان منداڵن. ‏

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەو بەڵگەنامانەی پێنتاگۆن، کە بەشێکی زۆریان نهێنین و زیاترن لە ‏هەزار و 300 بەڵگەنامە، باس لە کوژرانی هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی دەکەن، لەکاتێکدا ‏ئەمریکا بانگەشەی ئەنجامدانی هێرشەکانی لەڕێگەی مووشەکی ئاراستەکراوی ورد و ‏بێهەڵە دەکات.‏

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، “بەڵێنەکانی شەفافییەت و لێپرسینەوە ‏لەو حاڵەتانە بەبێ جێبەجێکردن ماونەتەوە، تائێستا کەس لەسەر هەڵەیەکی لەوجۆرە ‏دوورنەخراوەتەوە یان ڕێکاری بەرامبەر نەگیراوەتەبەر”. ‏

نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئەو بەڵگانەی بڵاویکردوونەتەوە بەشی یەکەمی بەڵگەکانە و ‏بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەیان. ‏

لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، لە هێرشەکانی 19ی تەموزی 2016 کە ئەمریکا لە سێ ‏ناوچەی باکووری سوریا ئەنجامیدا، بەمەبەستی کردنەئامانجی چەکدارانی داعش، 120 ‏گوندنشین و جوتیاری ئەو ناوچەیە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە. ‏

هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی 2015 هێرشێکی دیکەی لە ڕومادی-ی عێراق ‏ئەنجامدا بۆسەر ناوچەیەکی داعش، بەهۆیەوە منداڵێک گیانیلەدەستدا. ‏

لە هێرشێکی دیکەدا کە بەمنزیکانە لە کابول-ی پایتەختی ئەفغانستان و لە مانگی ئابی ‏ئەمساڵدا لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامیدا، ئۆتۆمبێلێک بۆردوومانکرا و ‏بەهۆیەوە 10 ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا.‏

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرینەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون بۆ ‏چارەسەر پێویستیان بە تێچوویەکی زۆرە، لەکاتێکدا تائێستا “بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک ‏تایمز” تەنها 12 کەسیان قەرەبوو کراونەتەوە. ‏

کاپتن بیڵ ئۆربان وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەو حاڵەتانە ‏لە هێرشەکاندا ڕوودەدەن، تەنانەت ئەگەر بە زیرەکترین چەکە پێشکەوتووەکانیش بکرێن، ‏هۆکارەکەشی بۆ ورد و دروستنەبوونی تەواوەتیی زانیارییەکان، یان شیکاریی هەڵە بۆ ‏زانیارییەکان، یان هەڵەی زانیاری دەگەڕێتەوە و “هەوڵدەدەین لەو هەڵانەوە ئەزموون ‏وەرگرین”. ‏

بەپێی راپۆرتەکە، ئەمریکا لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار هێرشی ئاسمانیی ‏لە عێراق و ئەفغانستان ئەنجامداوە، ڕۆژنامەکە دەڵێت لەڕێگەی پەیامنێرەکانیەوە سەردانی ‏زیاتر لە 100 ناوچەیان کردووە، کە ئەمریکا هێرشی بۆسەر ئەنجامداون.‏

بابەتی پێشتر

پاریس دۆخی یاریزانە پێكراوەكانی ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

كەشناسی: سبەی بارانبارین دەستپێدەكاتەوە و پلەكانی گەرما دادەبەزن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share