بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامی جەژنی نەورۆزدا ماف بە گلەیی و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك دەدات و دەڵێت، “پێویستە زیاتر خزمەت بكرێن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بۆ جەژنی نەورۆز بڵاوكردەوە، دەڵێت، “ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک و هەموومان بە ڕۆحێکی کوردانە و دوور لە هەموو جیاوازییەکی سیاسی، یەکدەنگ و یەکڕیز بین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان”.
هەر لە پەیامەكەدا هاتووە، “دەزانین هاوڵاتییانمان نیگەرانن و كەموكورتی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا هەیە، ناڕەزایی و گلەییەكانی خەڵك لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بكرێن”.
دەقی پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و هیوادارم هەموولایەک لە خۆشی و کامەرانیدا بن
جەژنی نەورۆز هێمای نوێبوونەوە و سەرکەوتنی ئیرادەی میللەتی کوردە دژی ستەم و نادادی. وەکچۆن لە رابردوودا گەلی کورد نەورۆزی کردە جەژنی ئازادی و سەرفرازی، هیوادارم ئەم جەژنەش بکەینە دەرفەتێک و هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و دوور لە هەموو جیاوازییەکی سیاسی، یەکدەنگ و یەکڕیز بین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان.
دەزانین هاووڵاتییانمان نیگەرانن و كەموكورتی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا هەیە. ناڕەزایی و گلەییەكانی خەڵك لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بكرێن، بەڵام بێئومێد نین و لەگەڵ دۆستەكانمان لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری و ناشەفافی لە بودجەدا. جارێكیتر جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێت خێروبێری ئەم هەرێمە بۆ هەمووان بێت و هیچ جیاوازییەك نەمێنێت.
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و هیوای سەربەرزی و سەرفرازی بۆ هەموولایەک
بافڵ جەلال تاڵەبانی