بانکی خوێنی هەڵەبجە تۆمەتی وەرگرتنی پارە بەرامبەر بە پێدانی خوێن ڕەتدەكاتەوە

بانکی خوێنی هەڵەبجە تۆمەتی پزیشكێك ڕەتدەكاتەوە، كە ڕایگەیاندبوو، بەرامبەر پێدانی خوێن، پارە لە نەخۆش وەرگیراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دکتۆر باخان تاڵەبانی، پزیشک لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ لێكۆڵینەوە لەو “گەندەڵییانەی” لە كەرتی تەندروستیی هەڵەبجەدا هەن، لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاندبوو، “بانکی خوێنی هەڵەبجە بە 45 هەزار دینار خوێن دەداتە نەخۆش”.

لەسەر ئەو پرسە، سەنتەری گواستنەوەی بانکی خوێنی هەڵەبجە لە ڕونکردنەوەیەكدا لەسەر تۆمەتەكانی پزیشكەكە ڕایگەیاندووە، “سەرلەبەری قسەکەی سەبارەت بە بانکی خوێنی هەڵەبجە درۆیە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەر پێدانی خوێن بە نەخۆش وەرنەگیراوە”.

دەشڵێت، “لە بانکەكانی دیكەی خوێن لە کوردستان لە بەرامبەر پێدانی یەک یەکەی خوێن بە نەخۆش، بڕی دوو هەزار 500 دینار بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان و بڕی 16 هەزار دینار بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەردەگیرێت”، بەڵام بەهۆی ئەوەی  بانکی خوێنی هەڵەبجە تازە دامەزراوە، تائێستا هیچ ڕێنوێنییەكیان بەدەستنەگەیشتووە بۆ وەرگرتنی ئەو ڕسوماتانە.

سەنتەری گواستنەوەی بانکی خوێنی هەڵەبجە ئاشكراشیكردووە، چەند جارێک سەردانی بانکی خوێنی سلێمانی و بەشی تاقیگەی دیوانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەیان کردووە، بەڵام هیچ نوسراێکی فەرمییان لانەبووە پێیانبدەن، تا لەسەر ئەو بنەمایە و لە بەرامبەر پێدانی خوێن بە نەخۆش، پارە وەربگرن.

بانکی خوێنی هەڵەبجە ڕاشیگەیاندووە، نوسراو ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كراوە تاوەکو ڕێنوێنیی تایبەت بە وەرگرتنی ڕسوماتی تایبەت بە پێدانی یەکەی خوێنیان پێبدات.

دوای قسەكانی پزیشكەكەی هەڵەبجە، دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ بەدواداچوون پێکهێنا، كە بریكاری وەزارەتی تەندروستی سەرۆكایەتیی دەكات.

بابەتی پێشتر

ئەمشەو یاری لوتکەی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

وەڵامەکانی نێیمار داهاتووی یەکلاییکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share