ڕێژەی یاسایی نیە.. شەممەی داهاتوو دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە

بڕیارە شەممەی داهاتوو  دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە و تائێستاش بەهۆی نەبوونی ڕێككەوتن ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان نیە، بەوتەی شارەزایەكی یاساییش تاوەكو شەشی نیسان پۆستەكە یەكلانەكرێتەوە دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران سێبارە ناوی كاندیدانی پەسەندكرد و ڕۆژی شەممەی داهاتوو كە دەكاتە 26ی مانگ وەكو  دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیارییكرد.

كورد بە پەرتەوازەییەوە دەچێتە نێو هەڵبژاردنەكە

لەوبارەیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە، یەكنەگرتووی كورد لەسەر پۆستەكە زیانی دەبێت و پێویست بوو لایەنەكان بە یەك كاندیدی هاوبەش ئەو پۆستەیان یەكلابكردایەتەوە.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەختیشی كردەوە، كە تاوەكو ئێستا بەوشێوەیە لایەنەكان بە كاندیدەكانی خۆیانەوە دەچنە هەڵبژاردنەكەوە و تائێستاش ژمارەی یاسایی بۆ دانیشتنەكە نیە.

“تا شەشی نیسان پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلانەكرێتەوە دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”

شارەزایەكی بواری یاسایی پێیوایە، تاوەكو 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێدرێت ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە و وڵاتیش بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت.

عەلی جابر تەمیمی، شارەزای یاسایی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، بەپێی ماددەی 27ی دەستووری هەمیشەیی عێراق سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران 30 ڕۆژی لە بەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، واتە دەبێت لە 6ی ئازارەوە بۆ 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.

تەمیمی جەختیشی كردووەتەوە، 26ی ئازار كە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، ئەگەر لەو دانیشتنەدا سەركەوتوو نەبوو، ئەوا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە دەتوانێت تەنها تا 6ی نیسان دوایبخات‌ و ئەگەر لەو ماوەیە تێپەڕیكرد ئەوا پێشیلێكردنی تەواوەتی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە ڕێگەی داوە تەنها یەكجار دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە.

ئەو شارەزایەی بواری یاسایی دەشڵێت، ڕەنگە بە داواكاریی یەك لەسەر سێی ئەنجومەنی نوێنەران ‌و ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامان بەپێی ماددەی 64ی دەستوور یان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو لەو حاڵەتەشدا حكومەتی ئێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێكنەكەوتن ‏لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پێشهاتێكی مەترسیدارە و ڕەنگە لە خولەكانی داهاتوو لە ‏دەرەوەی ڕەزامەندیی لایەنە كوردیییەكان پۆستەكە یەكلابكرێتەوە.‏

” دووەم خولە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كورد تووشی لێكترازان و ململانێ ‏دەبێتەوە”

بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كورد دووەم خولە تووشی لێكترازان و ململانێ ‏دەبێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی دروستكردووە و پرسە سەرەكییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ‏بیری لایەنە كوردستانییەكان بردووەتەوە.‏

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە ‏تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە بری شەڕكردن لەسەر مافە دەستووریەكانمان و كێشە ‏هەڵپەسێردراوەكان، سەرجەمیان لە بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆكراوەتەوە، لەكاتێكدا ‏بابەتی گرنگتر هەیە”.‏

پێشیوایە، “ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردیییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ‏جۆرێك ئیحراجی بۆ هاوپەیمانەكانمان دروستكردووە و پێویستە لە بەغداد شەڕ لەسەر ‏بابەتی پێشمەرگە و ناوچە دابرێندراوەكان بكەین و بابەتی گرنگتر هەیە، بەڵام بەهۆی ‏پۆستی سەرۆك كۆمارەوە كێشە لە نێو ماڵی كورد دروستبووە، كە پێشهاتێكی ‏مەترسیدارە و لێكترازان دروستدەكات”. ‏

بۆیە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی مەترسیی ئەوەی هەیە، “بۆ خولەكانی داهاتوو ڕەنگە ‏لە دەرەوەی ڕەزامەندیی لایەنە كوردییەكان، پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێـتەوە و ‏كەسێك كاندید بكرێت و بكرێتە سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەو ناكۆكییانەی هەن سەرەتایەكی ‏خراپن، بەتایبەت كە ماوەیەكە لە عێراقدا بەردەوام باس لە زۆرینە و كەمینە دەكرێت”.‏

بابەتی پێشتر

سەرخەوشكاندن مەترسی تووشبوون بە "زەهایمەر" زیاد دەكات

بابەتی دواتر

ئینته‌ر میلان 1-1 فیۆرنتینا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سۆران عومەر: هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەماوە و چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو رەوانەبكرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەماوە و چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو رەوانەبكرێت.…
Total
0
Share