ڕیاڵ مەدرید بۆ کلاسیکۆ دوو یاریزانی لەدەستدا

سەرچاوەکانی هەواڵ لە مەدرید، ئاماژە بە پێکانی کەریم بنزیمە-ی فەرەنسی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید دەکەن و پێیانوایە یاریزانەکە لەگەڵ فێرلاند مێندی بەشداریی یاریی کلاسیکۆ ناکەن.

بە وتەی ڕۆژنامەنووسی نزیک لە یانەی شاهانەی مەدرید، سێرجیۆ کویرانتێ، گۆڵکاری یەکەمی ڕیاڵ مەدرید، کەریم بنزیمە ڕۆژی یەکشەممە بەشداریی یاریی کلاسیکۆ ناکات، دووپاتیشیکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە بەهۆی پێکانەوە نەیتوانیوە بەشداریی یەکەی مەشق و ڕاهێنانە ئامادەکارییەکانی ڕیاڵ مەدرید بۆ کلاسیکۆ بکات.

ڕۆژنامەی مارکا تەنها بەو زانیارییەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئاشکرایکردووە کە بنزیمە و فێرلاند مێندی-ی بەرگریکاری باڵی چەپ لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە مەشقیان لەگەڵ تیمی ڕیاڵ مەدرید نەکردووە، بەوهۆیەشەوە ناتوانن بەشداریی کلاسیکۆی گەڕانەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکەن.

هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەم وەرزەدا بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ پێشەنگیی گۆڵکارانی خوولی ئیسپانیای گرتووە.

بابەتی پێشتر

تا ئێستا هەرێمی كوردستان بڕیاری هەڵگرتنی گومرگی لەسەر خۆراك جێبەجێ نەكردووە

بابەتی دواتر

دانوستاندنی نێوان سەڵاح و لیڤەرپوڵ ئەنجامی نەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share