بەپێی ئامارەکان کوشتنی ڕۆژنامەنوسان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی کانونی یەکەم ئاماری ساڵی 2020ی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەمساڵد 50 ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا 53 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە ڕایگەیاند، “بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، لەمساڵدا ژمارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ڕابردوودا 53 ڕۆژنامەنووس کوژراون و ئەمساڵ 50 ڕۆژنامەنوس کوژراون”.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، زیاتر لە %84ی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە کوژراون بەمەبەست کراونەتە ئامانج، بەراورد بە ساڵی 2019 کە %63ی ڕۆژنامەنوسان بەمەبەست کراونەتە ئامانج.

پۆولین ئادیس میفێڵ، سەرنوسەری پەیامنێرانی بێسنور ڕایگەیاند، “لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تێبینی ئەوەمان کردووە کە ئەو ڕۆژنامەنوسانەی زیاتر ڕوبەڕووی کوشتن دەبنەوە ڕۆژنامەنوسانی تایبەتمەندن”.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، مەکسیک خوێناویترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنوسان، تێیدا هەشت ڕۆژنامەنوس کوژراون، ئەفغانستان وڵاتی دووەمە بە کوشتنی پێنج ڕۆژنامەنوس، هیند چوار ڕۆژنامەنوس و لە فلیپین و هیندۆراس هەریەکە سێ ڕۆژنامەنوس کوژراون.

پەیامنێرانی بێسنوور ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە ناوچەکانی جەنگ وەکو سوریا و یەمەن یان ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕوی ناکۆکی و ئاڵۆزی بوونەتەوە وەکو عێراق و ئەفغانستان کوژراون لە ساڵی 2016دا %58 بووە بەڵام لە ساڵی 2020دا کەمبووەتەوە بۆ %32.

ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردوە کە لە ساڵی 1995ەوە بەپێی ڕاپۆرتە ساڵانەکان کە کۆکراونەتەوە توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە وڵاتی مەکسیک لە پێش سەرجەم وڵاتانی جیهانەوەیە.

پەیامنێرانی بێسنوور ڕاشیگەیاندووە کە ئەو پێنج ڕۆژنامەنوسەی لە ئەفغانستان لەمساڵدا کوژراون بەمەبەست کراونەتە ئامانج و توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان لەو وڵاتە بەردەوامیی هەیە هەرچەندە گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان حکومەت و تاڵیبان بەردەوامی هەیە.

نزیکەی 20 ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند لەمساڵدا کوژراون، 10 لەوانە ئەو ڕۆژنامەنوسانە بوون کە لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە، چواریشیان لە بواری بەدواداچوون بۆ مافیا و تاوانە پلان بۆ داڕێژراوەکاندا کاریان کردووە، سیانیشیان لە بواری ژینگەدا کاریان کردووە، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.

بەپێی پەیامنێرانی بێسنوور، حەوت ڕۆژنامەنووس لە ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا لە عێراق، نەیجیریا و کۆڵۆمبیا کوژراون.

ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا 387 ڕۆژنامەنوس لە زیندانەکاندان و ئەو ژمارەیەش بەبەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، دوو هەزار و 658 ڕۆژنامەنوس لە ساڵی 1990ەوە کوژراون.

 

بابەتی پێشتر

بارودۆخی بەچی گەیشتووە؟ حەوت ساڵ بەسەر خەواندنی شوماخەر تێپەڕدەبێت

بابەتی دواتر

توشبوونی یاریزانانی سیتی بە کۆرۆنا دۆخی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەشێوێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share