كەشناسیی هەرێم كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز ئاشكرادەكات

بەپێی پێشبینییەكان كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت، ئەگەری بارینی كەمێك بەفر و نمەبارانیش لە هەندێك ناوچە هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەی یەكشەممە یەكەم ڕۆژی نەورۆز ئاسمان بەگشتى نیمچەهەورە دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەرى کەمێک بەفر و نمەباران هەیە، لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران بەشێوەى نمەبارانى کورتخایەن دەبێت.

دەشڵێت، پلەکانى گەرما بەرزبوونەوەى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەرزترین پلەکانى گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات بە نزیکەى (4-6) پلەى سیلیزى و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.

دەربارەی دووەم ڕۆژی نەورۆز بەپێی پێشبینییەكان ئاسمان بە گشتى هەور و نیمچەهەور دەبێت پلەکانى گەرما زیاتر ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات و کاریگەریى ئەو بارستە هەوایە ساردەى رووى لە ناوچەکەمان کردبوو لاواز دەبێت. ئەگەرى نمەباران لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە بەتایبەت لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک و هەولێر هەندێ کات بڕى باران مامناوەند دەبێت.

كەشناسی هەرێم ڕوونیشیكردوەتەوە، سەنتەرى پارێزگاى دهۆک و هەولێر ئەگەرێکى کەمى نمەبارانى کورتخایەنی هەیە لە کاتەکانى نیوەڕۆ. پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بەردەوام ئاسمانى نیمچەهەور دەبێت تەنها ناوچە شاخاوییەکانى ئەو دوو پارێزگایە ئەگەرى نمەبارانى هەیە.

هەر بەپێی پێشبینییەكان لە سێیەم ڕۆژی نەورۆزدا ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت بەهەمان شێوەى ڕۆژانى پێشووتر، پلەکانى گەرما کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات ئەگەرى زیادبوونى خێرایى با هەیە لە تەواوى ناوچەکە، هەندێ کات دەگاتە سەرووى 20 کم لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزێکى سووک، ئەو تۆزوخۆڵە لەگەڵ نمەباران تێکەڵ دەبێت لەسەر بەشێک لە ناوچەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان.

بابەتی پێشتر

لە ئێران لەپێناو دەستکەوتنی بژێویی ڕۆژانە لەشفرۆشی پەرەی سەندووە

بابەتی دواتر

ئەمریكا هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی یەكلاكردەوە: لە ئۆكرانیا شەڕ دژی ڕوسیا ناكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share