سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، “بڕیاردرا بەنزینە عێراقییەكە تەنها بدرێتە ئۆتۆمبێلی تاكسی و پاسەكان، دوای دیاریكردنی بەنزینخانەكان، بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت”.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەنجومەنی پارێزگا، قائیمقامیەتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان و نوێنەرانی شۆفێران لەبارەی نیگەرانییەكانی شۆفیرانی تاكسی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەكرد، “بڕیاردرا ئەو بەنزینە عێراقییەی كە بەنرخی 690 دینار دەدرایە شۆفێران، لەمەودوا تەنها بدرێتە ئۆتۆمبێلی تاكسی و پاسەكان و خاوەن ئۆتۆمبێلەكانی تایبەت سوودمەند نابن”.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا زانیاریی زیاتری دا، وتی، “لەگەڵ خاوەنی بەنزینخانەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدەین سەبارەت بە دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی بەنزینە عێراقییەكە و دواتر بڕیارەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
ئەمڕۆ بەشێك لە شۆفێرانی تاكسی لە شاری سلێمانیی نیگەرانییان لەبەرامبەر گرانبوونی نرخی بەنزین دەربڕی و ڕێگایەكی سەرەكییان داخست و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دروستبوو.