بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان كەمێك زیادیكردووە، لە دوكانیش ئاستی ئاو نزیكەی چوار مەتر لە ساڵی ڕابردوو كەمترە، بەڵام بەو دۆخەشەوە لەبارەی وشكەساڵییەوە دڵنیایی دەدرێت.
ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهاردا، پرسی ئاو و ئەگەری وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان دەبێتە جێی بایەخ، تۆڕی میدیایی ئێستا لەوبارەیەوە بەدواداچوونێكی كرد.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەشێوەیەكی گشتی ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان بەراورد بەكۆتایی ساڵی ڕابردوو زیادیانكردووە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە لە دەربەندیخان داهاتی ئاو كەمیكردووە و ئاستی ئاوی بەنداوەكە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەم كاتە نیومەتر زیاترە”.
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم لەبارەی ئاستی ئاوی دوكانیشەوە وتی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەم كاتانە چوار مەتر كەمترە، بەڵام هێشتا وەرزی بارانبارین ماوە بۆ هەڵگرتنی ئاو.
”سنووری ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور زۆرترین بارانی لێباریوە”
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد، لە سنووری ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور زۆرترین باران باریوە، “پێشبینیش دەكرێت ئەم ماوەیەی وەرزی بارانبارینە، ڕێژەیەكی باش باران ببارێت و ئاستی ئاو بەرزببێتەوە”.
”ئێران سەرچاوە ئاوییەكانی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا گرتووەتەوە”
بەرپرسەكەی بەنداوەكانی هەرێم ئاشكراشیكرد، “كۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوە ئاوییەكانی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا گرتووەتەوە، بەڵام ئێمەش كەمتر ئاومان بەرداوەتەوە و ئەوەش وایكردووە ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیادبكات”.
”ئاستی ئاوی دوكان چوار مەتر بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمترە”
لای خۆیەوە كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئاستی ئاوی دوكان بە بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی ڕابردوو چوار مەتر كەمیكردووە، “بەڵام ڕۆژانە ئاستی ئاوەكە زیاددەكات وەرزی بارانبارین ماوە”.
”مەترسیی وشكەساڵی ڕەویوەتەوە”
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاشكرایكرد، ئەو مەترسیی وشكەساڵییەی لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو باسیلێوەدەكرا، “ڕەویوەتەوە”، ڕۆژانە ئاستی ئاوی بەنداوەكە زیاد دەكات.