وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەین بۆ كێشەكانی ئۆكرانیا و وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش دەڵێت، “دەبێت ئۆكرانیا لە چەك دابماڵرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی مۆسكۆی پایتەختی ڕوسیای كرد و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕوسییەكەی كۆبووەوە، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەین بۆ كێشەكانی ئۆكرانیا و ئاشتیی ناوچەكە بە گرنگ دەزانین”.
وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لەوە كرد، “دۆخی مرۆیی ئۆكرانیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت”.
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، سوپاسی هەڵویستی توركیا دەكەین لەبارەی گەمارۆكانی سەر ڕوسیا.
وتیشی، ئۆكرانیا خۆی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەدزێتەوە و پێویستە ئۆكرانیا لە چەك دابماڵرێت.
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی ئۆكرانیا-ش بكات.