مەترسیدارترین ناوچەی جیهان كوێیە كە ئۆكرانیا كار بۆ پاراستنی دەكات؟

ئەو هێزە ئۆكرانییانەی لە ناوچەكەدان، بەس نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر داگیركارییەك

لەكاتێكدا مۆسكۆ دەیان هەزار سەربازی خۆی لەسەر سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ ئۆكرانیا كۆكردووەتەوە، سەربازانی ئۆكرانی بە كڵاشینكۆفەكانی سەرشانیانەوە گەڕانەكانیان بە دارستانێكی پڕ بەفری بۆماوەیەكی درێژ جێهڵێدراودا چڕكردووەتەوە، ئەو شوێنەی خراپترین كارەساتی ئەتۆمی كە جیهان بەخۆیەوە بینی لە ساڵی 1986دا تیادا ڕوویدا.

كێڵگەكانی ناوچەی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ-ی ڕاوەستاو بەتەواوی چۆڵن، شارەكان جێهێڵدراون، تەواوی ناوچەكەش كە دەكەوێتە باكووری ئۆكرانیا تائێستا تیشكدانەوەی ئەتۆمیی تیادایە “بەجۆرێك وا دەردەكەوێت دوایین شوێنی سەر ڕووی زەوی بێت كە هەر كەسێك بیەوێت داگیریبكات”، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی پێداوە.

لەكاتێكدا جیهان گرنگی بە ئەگەری داگیركاریی ڕوسیا لەڕێی ڕۆژهەڵاتەوە بۆسەر ئۆكرانیا دەكات، كە ڕوسیا دەیان هەزار سەربازی خۆی لێكۆكردووەتەوە، كورتترین ڕێگای سوپای ڕوسیا بۆ كیێف-ی پایتەختی ئۆكرانیا لە باكوورەوەیە، ڕۆژنامەكە وادەڵێت.

چوونە ناوەوە لە باكوورەوە واتە تێپەڕبوون بە ناوچەیەكی دابڕاو لە دەوروبەری وێستگەی چێرنۆبڵ، هەرەسهێنانی وێستگە ئەتۆمییەكە لە ساڵی 1986دا دژوارترین كارەساتی ئەتۆمی لە مێژوودا هێنایە ئاراوە.

لەبەر ئەمەیە، ئۆكرانیا باوەڕی وایە پێویستی بە بەرگری لە ناوچەی چێرنۆبڵ هەیە، ئەمەش ناچاریكردووە سوپاكەی لە دارستانە ترسناكە تائێستا تیشكدەرەكەدا بڵاوەپێبكات، سەربازان چەك و كەلوپەلی ئاشكراكردنی بەركەوتن بە تیشكیان پێیە.

كارەساتەكەی وێستگەی چێرنۆبڵ بۆ وزەی ئەتۆم لە كۆماری ئۆكرانیی سۆڤێتی پێشوو، ماددەی ئەتۆمیی تیشكدەری لێدەرچوو و بووەهۆی لەناوبردنی ژیانی دەیان كەس لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا، هەروەك دەیان هەزاری ناچاركرد لە ماڵەكانیان هەڵبێن.

نیویۆرك تایمز لە زاری یوری شاخرایچۆك، كۆلۆنێك لە پاسەوانی سنووری ئۆكرانی وتی، “گرنگ نییە ناوچەكە ژەهراوییە یان هیچ كەس تیایدا ناژی، ئەوە خاك و وڵاتمانە و پێویستە بەرگری لێبكەین”.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، ئەو هێزە ئۆكرانییانەی لە ناوچەكەدان و ناسراون بە ناوی “ناوچەی قەدەغەكراوی چێرنۆبڵ”، بەس نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر داگیركارییەك.

كۆلۆنێڵ شاخرایچۆك وتیشی، “زانیاری لەبارەی بارودۆخ بەدرێژایی سنوور كۆدەكەینەوە” و دەیگوازینەوە بۆ ئاژانسەكانی هەواڵگریی ئۆكرانی.

بەر لە سێ دەیە حكومەتی سۆڤێت “ناوچەی قەدەغەكراوی چێرنۆبڵ”ی دیاریكرد بۆ دابڕاندنی شوێنەكە و سنووردانان بۆ مەترسیی ڕووداوەكە كە دوای تەقینەوە لە وێستگەی ژمارە 4ی چێرنۆبڵ لە باكووری ئۆكرانیا و نزیك لە سنوورەكانی لەگەڵ ڕوسیا و بیلاڕوسیا ڕوویدا و بەشێكی گەورەی ئەوروپایشی ژەهراوی كرد.

گەردە تیشكدەرەكانی ژێرخاك و ژێر داروپەردووەكانی وێستگە وێرانكراوەكە مەترسییەكی گەورەیان لەسەر سەربازان نابێت، تا ئەوكاتەی بە شێنەیی شیببنەوە و سەربازانیش لە ناوچەكانی تیشكدانەوەی زۆردا نەمێننەوە، وەك ئەوەی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە دەیڵێت.

ماوەی دوو مانگە، حكومەتی ئۆكرانیا هێزی زیاتری لە ناوچەكەدا بڵاوەپێكردووە، بەهۆی زیادبوونی بارگرژییەكانی لەگەڵ ڕوسیا و بیلاڕوسیا-ی هاوپەیمانی كرملین، كە سنوورەكەی تەنها هەشت كیلۆمەتر لە وێستگە كارەساتبارەكەوە دوورە، ئەو شوێنەی بەمدواییە ڕوسیا هێزەكانی بۆی گواستووەتەوە.

س: نیویۆرك تایمز + الحوڕە

بابەتی پێشتر

پێنجوێن بەردەوامە لە تۆمارکردنی نزمترین ئاستی پلەی گەرما

بابەتی دواتر

هێرشی چوارقۆڵی بۆسەر داعش دەستیپێكرد و حەلبووسی دەڵێت، ناگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share