ساڵیادی کیماییبارانی هەڵەبجە.. چۆن نەكرێت بەژێر دروشمەوە؟

34 ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتاییەکانی جەنگی عێراق – ئێران و لە هێرشێکی کیماییدا، جا بیانووەکەی هەرچییەک بووبێت، سەروو 5 هەزار کەسی مەدەنی کرانە قوربانی و زیاتر لە 10 هەزاری تر بریندارکران.

چەندین مانگ، چەندین ساڵی خایاند تا شۆک و حەپەسانەکە بڕەوێتەوە و نەتەوەیەک بەخۆی بزانێت، کە هەر بە ڕاستی کۆمەڵکوژ کراون، واتە “خەو نەبوو”.

“خەو نەبوون، کیژۆڵە خەون نەبوون

ئەوە ڕەز بوون و ئەمردن

ئەوە ئاو بوون و ئەخنکان

ئەوە بەرد بوون و شل ئەبوون

ئەوە گۆم بوون و ڕەق ئەبوون

خەون نەبوون کیژۆڵە خەون نەبوون

ئەوە دەستى سەرگوزشتە و

خەیاڵ نەبوو کیژۆڵەکەم..

ئەوە دەستى نیوەى دونیا و نیوەى دەوڵەت و

قانوون بوو کە ئەهات و

تۆی ئەخستە زیلێکەوە و

دوور ئەیبردی..”

34 ساڵە کۆبوونەوە دەکرێت، ڕێوڕەسم ڕێکدەخرێت، مۆنیۆمێنت بونیاد دەنرێت. چی تریش؟ هیچ.

“ئەوە نیوەى بلیمەتى و نیوەى عەقڵ و

نیوەى زاناى جیهانێ بوو

بەیەکەوە لەگەڵ”مونتەسیر بیللا”دا

بای بۆگەنیان بۆ هەڵکردی

خەون نەبوون، کیژۆڵە..خەون نەبوون”.

خەڵکانێک لایانوایە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و ئەنفالیش، لە قەبارە و سامناکیدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ هۆلۆکۆستدا نییە. بەڵام ئەوان، لە پاش هۆلۆکۆستەوە، دەیان و سەدان کتێبخانەیان بە ڕەخنە، توێژینەوە و شیکاریی سەبارەت بەو کارەساتە، پڕکردەوە. لەملاوە ئێمە، لە یادکردنەوەیەکی ساڵانەی شەرمنانە زیاتر، چیمان کردووە؟

زیگمۆنت باومەن، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی پۆڵەندی، لە کتێبی “مۆدێرنە و هۆلۆکۆست”دا دەنووسێت: “مەترسیی هۆلۆکۆست لەوەدا نییە کە لەبیربکرێت، بەڵکو لەوەدایە کە بە دروشم بڕازێندرێتەوە و بە مۆنیۆمێنت دەورەبدرێت، لەپێناو ڕەوایەتیدان بە هەموو تاوانەکانی داهاتوودا”.

بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ و پاش 34 ساڵ، ئەنفال و هەڵەبجەش لەبەردەم مەترسیی ئەوەدان کە بکرێن بەژێر دروشم، مۆنیۆمێنت و بۆنەکانەوە و بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکرێتەوە کە ئەم تاوانە چۆن ئەنجامدرا؟ بۆچی ئەنجامدرا؟

“خەو نەبوون کیژۆڵە خەو نەبوون

وەکو پرچ و زەردەخەنە و گوارەکانت

حەقیقەت بوون”.*

هانا ئارێنت، ژنەبیرمەندی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی چاودێری هۆلۆکۆست، لە کتێبی “ئایشمەن لە ئورشەلیم”دا دەنووسێت: “کاری خراپە سەرچاوەکەی شکستهێنانە لە بیرکردنەوەدا.. ئەمەیە کاڵفامیی خراپە”.

واتە ئەگەر بێتو بیرنەکەینەوە، لە پاش کارەساتەکەوە کار بۆ ڕەخنەکردن و بونیادنان نەکەین، ئەوا ئەنفال و کیمیاییباران دوو کارەسات نابن لە ڕابردووماندا کە تێمانپەڕاندبن، بەڵکو دوو کارەسات دەبن کە لە داهاتوودا چاوەڕوانمانن.

کارەساتەکان لە داهاتووماندان، چونکە ئەوانەی کیمیاییبارانیان کرد، ڕەنگە لە داهاتوودا سوپا بنێرنە سەرمان، مووشەک بنێن بە پایتەختەکەمانەوە و لەپای ئەو کارەیان کەس پرسیارێکیشیان لێنەکات. چونکە کاری خراپە، سەرچاوەکەی شکستهێنانە لە بیرکردنەوەدا.

*کۆپلە شیعرییەکان لە دیوانی “گۆڕستانی چراکان”ی شێرکۆ بێکەس-ـەوە وەرگیراون.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ڕۆشنبیریی ڕوسیا: دەبێت فیلمەکانمان جێی فیلمە جیهانییەکان بگرنەوە

بابەتی دواتر

لە 16 ساڵدا، لە 460 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنها چواریان لە هەڵەبجە بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share