یەكێتی و گۆڕان بێ هەمواركردنەوەی یاسا بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن

نزیكەی 15 ڕۆژ ماوە وەكو دوایین ئەو وادەیەی كۆمسیۆن دیاریكردبوو، بۆ تەواوكردنی هەموو ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ دەستكردن بە ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تائێستا نە یاسای هەڵبژاردن هەمواركراوەتەوە و نە پرسی كۆمسیارانی كۆمسیۆنیش یەكلاكراوەتەوە، یەكێتی و گۆڕانیش دووپاتیدەكەنەوە بێ هەمواركردنەوەی یاساكە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن.

“كۆمسیۆن 1ی نیسانی وەكو دوایین وادە بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكان دیاریكردبوو”

بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم، بڕیاردراوە 1/10/2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش لە دوایین ڕاگەیەندراوی خۆیدا، 1ی نیسانی وەكو دوایین وادە بۆ تەواوكردنی هەموو ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ دەستكردن بە ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.

لەو بارەیەوە ئیسماعیل خورماڵی، بڕیارده‌ری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگه‌یاند، “ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ماوه‌ی یاسایی ته‌واوبووه‌ و داواكراوه‌ چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ ئه‌و پرسه‌ بكرێت”.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واده‌ی یاساییمان ته‌واوبووه‌، ده‌بێت په‌رله‌مان ماوه‌ی یاساییمان بۆ درێژبكاته‌وه‌ بۆ خوولێكی دیكه‌ یان كۆمسیۆنێكی نوێ هه‌ڵبژێردێت تا بتوانێت كاره‌كانی بكات”.

ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی كۆمسیۆنه‌كه‌ش ده‌ڵێت، “پێكهاته‌ی ئێستا ته‌نها دوو كه‌سی كه‌مه‌ و له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ گرفتمان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌ له‌باره‌یه‌وه بڕیارده‌دات‌”.

“یەكێتی بەم هەلومەرجە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نییە”

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، یەكێتی پێیوایە، هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر پێدوایستییەكی هەنووكەیی كوردستانە، یەكێتیش ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی لەو جۆرە بە هەموو وزە و توانایەكییەوە، بەڵام بەم هەلومەرجە لەگەڵی نین، كە ئێستا هەڵبژاردنی تێدا بكرێت، چونكە ئەو ئامرازانەی كە پێویستن بۆ هەڵبژاردنەكە فەراهەم نەكراون، ئەوەش ئەنجامێكی باش ناداتە دەستەوە و نابێتە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد”.

دەشڵێت، “ئێمە پێمانوایە هەڵبژاردنێكی دروست و پاك و خاوێن لە كوردستاندا پێویستی بە هەموو ئەو ڕێوشوێنانە هەیە كە دەیكەن بە هەڵبژاردنێك تانەی لێنادرێت و گۆڕانكاریی سیاسیی جەوهەرییش لە كوردستان دروستدەكات”.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پێیوایە، “ئەوەش پێویستی بەوەیە كۆمسیۆن توانای بەجێگەیاندنی ئەو ئەركەی هەبێت و تۆماری دەنگدەران نوێكرابێتەوە، لە هەمان كاتیشدا بازنەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، كە لە ساڵی 1992ـەوە هەڵبژاردن دەكەین هەمان ڕێگە و هەمان سیستمی بازنەیی بووە”.

بۆیە جەخت دەكاتەوە كە دەبێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی عێراق، یاسایەكی نوێ دابنرێت و سیستمی هەڵبژاردنەكە فرەبازنەیی بێت و بتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی كۆمەڵگەی كوردی بێت.

دەربارەی پێكهاتەكانیش ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، “ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین پێكهاتەكانی دیكەش نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هەر بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی پێویستە ئەم پێكهاتانەش بەسەر بازنەكان و پارێزگاكاندا دابەشبكرێن كە هەڵبژاردنیان تێدا دەكرێت”.

“گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن بەم حاڵەوە نەكرێت، دەبێت تۆماری دەنگدەرانیش نوێبكرێتەوە”

بزوتنەوەی گۆڕانیش هاوشێوەی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە كە تۆماری دەنگدەران نوێبكرێتەوە و سیستمی هەڵبژاردنەكە بكرێتە فرەبازنەیی و یاساكەشی هەمواربكرێتەوە.

لەو بارەیەشەوە، گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، گۆڕان لەگەڵ ئەوەیە كە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و بەم حاڵەوە هەڵبژاردن نەكرێت.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسی لەوەش كرد، “نزیكەی ساڵێكە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی كە یاساكە هەمواربكرێتەوە، هەروەها كۆمسیۆنیش گۆڕانكارییان بەسەردابهێنرێت، یان ماوەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە”.

جەختیشیكردەوە، بزوتنەوەكەیان لەگەڵ ئەوەدایە كە دەبێت تۆماری دەنگدەران نوێبكرێتەوە، هەڵبژاردنیش بە شێوەی فرەبازنەیی ئەنجامبدرێت.

“ئەو سیستمەی كە لە هەرێم هەڵبژاردنی پێبەڕێوەدەچێت، تەنها لە ئیسرائیل بوونی ماوە”

ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، یەكێك لەو هەنگاوانەی كە دەبێت بنرێن، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە، پەرلەمانی كوردستانیش ئامادەبێت بۆ ئەو پرسە.

ئەو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە دوای هەمواركردنەوەی یاساكەش پێویستە سیستمی هەڵبژاردنەكەش گۆڕانكاری بەسەردا بهێنرێت و بكرێتە فرەبازنەیی.

وەك ئارام جەمال دەڵێت، “یەك بازنەیی هیچ حیكمەتێكی تێدانییە و لە دونیادا لە چەند وڵاتێكی كەم پەیڕەودەكرێت، پێموابێت تەنها لە ئیسرائیل یەك بازنەیی ماوە ئەویش بەهۆی ئەوەی تێڕوانینی ئەمنی هەیە، ئەگەرنا لە هەموو دونیادا فرەبازنەییە”.

سوودی فرەبازنەیی لە چیدایە؟

بەڕێوەبەری پەیمانگای هەڵبژاردن پێشیوایە، فرەبازنەیی نێوان دەنگدەر و كاندیدی دەرچوو لێكنزیكتردەكاتەوە و سوودی ئەوەشی هەیە كە ئەگەر ساختەكاری بكرێت لە قەزایەك یان پارێزگایەك، تەنها لەو شوێنە قەتیسدەكرێت و كاریگەری لەسەر ناوچەكانی دیكە نابێت.

جەختیشدەكاتەوە ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئەوا دەتوانرێت بە پەلە كۆمسیۆنێكی نوێ هەڵبژێردرێت و پەرلەمان یاساكە هەمواربكاتەوە یان یاسایەكی نوێ دەربكات.

بابەتی پێشتر

بڕیارێكی نوێ لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگەوە درا

بابەتی دواتر

زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی دوو دەیەدا<br>ئەمریكا 100000 سەربازی لە ئەوروپا بڵاوكردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share