نووستن سێیەکی ڕۆژەکەمان پێکدەهینێت و یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ژیان، چونکە لەو کاتەدا جەستە و مێشکمان خۆیان پڕوزە دەکەنەوە.
بەپێی ماڵپەڕی “سلیپ هێڵس سولوشنس”، شێوازەکانی نووستن بەپێی ڕاهاتن و خوو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێن، بەڵام هەر شێوازێک سوود و زیانی خۆی هەیە.
خراپترین شێوازی نووستن
لەڕووی تەندرووستییەوە، نووستن لەسەر دەم خراپترین شێوەی نووستنە و 7%ی پێگەیشتووان بەم شێوەیە دەنوون.
نووستن لەسەر دەم، دەبێتەهۆی ماندووکردنی پشت و مل، بە تێپەڕینی کاتیش ڕەنگە ئەمە ببێتەهۆی ئازار و سڕبوونی پەلوپۆ. لە پاڵ ئەمانەشدا، کاتی ڕاکشان لەسەر دەم، سووڕاندنی ملت بە لایەکدا، دەشێ زیان بە سووڕی خوێن بگەیەنێت و بواری هەناسەدانت کەمبکاتەوە.
گەر ناتوانیت واز لەم شێوازەی نووستن بهێنیت، ئەوا لایەنی کەم دەتوانیت باشتریبکەیت. با ملت ڕێکبێت و تەنیا ناوچەوانت بخەسەر بەشی خوارەوەی سەرینەکەت. بەم شێوەیە، بڕبڕەی پشت ڕێکتر دەوەستێت و پرۆسەی هەناسەدان باشتردەبێت.
شێوازی باشی نووستن
شێوەی ڕاکشان لەسەر پشت، بەربڵاوترین ڕێگایە بۆ نووستن و 38%ی خەڵکانی پێگەیشتوو پەیڕەویدەکەن.
نووستن لەسەر پشت وادەکات باری بڕبڕەی پشت ئاساییبێت، ئەمەش ڕێگری لە هەندێک ئازاری شان و مل و پشت دەکات، کە شێوازەکانی تری نووستن دەبنە هۆکاری.
بەڵام ئەم شێوازە دەبێتەهۆی پرخەپرخ و تەنگبوونەوەی دەرچەی هەناسەدان، چونکە کاتی خاوبوونەوەی زمان و ماسوولکەکانی دەم، هێزی کێشکردن بەرەو ناوەوە ڕایاندەکێشێت.
بۆ باشترکردنی ئەمە، سەرینی زیادەی تایبەت بە مل بەکاربهێنە، یان سەرینێکی نزم لەژێر ملتدا دابنێ و سەرینێکی دیکەی مامناوەندیش بۆ سەرت.
باشترین ڕێگای نووستن
بەپێی پسپۆڕان، تەندروستترین ڕێگای نووستن، نووستنە لەسەر لا و 54%ی خەڵکانی پێگەیشتوو لە جیهاندا پەیڕەویدەکەن.
پزیشکان و پسپۆڕەکانی نووستن ڕێنمایی دەدەن کە ئەم شێوەیە پەیڕەوبکرێت، چونکە تێیدا بڕبڕەی پشت ڕێکدەبێت و لە ئازار پارێزراو دەبێت. هەروەها هەناسەدان لەم بارەدا سروشتیترە، بۆیە باشترە ئەوانەی تەنگەنەفەسی و کێشەی پرخاندنیان هەیە، ئەم شێوازە پەیڕەوبکەن، هەروەها ئەوانەش کە ئازاری پەلوپۆیان هەیە.