چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان داوا دەكەن بەپەلە لیژنەیەك لەسەر هێرشەكەی سەر هەولێر لەلایەن حكومەت و پەرلەمانەوە دروستبكرێت، جەختیش لە بەردەوامی کۆبونەوەی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکكەوتنی یەکجاری لەبارەی پێکهێنانی حکومەت دەكەنەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، درەنگانی شەوی ڕابردوو سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە ماڵی هومام حەمودی كۆبوونەوە و تاوتوێی کۆبونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان کرد و جەختیان لەبەردەوامی کۆبونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش کە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتیمانی، كە مافی پێکهاتەکانی و کۆی لایەنەکانی دیکەش بپارێزرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی هێرشەكانی سەر هەولێر كراوە و داوا کراوە بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکبهێنرێت لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە، بۆ گەیشتن بە ڕاستی ڕووداوەکە و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ.
چێوەی هەماهەنگی داواشیكردووە، لەهیچ لایەک خۆشنەبن کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات و کۆی ئەو دەروازانەش دابخرێن کە لەڕێگەیەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکرێت.