‘هەندێك كۆمپانیا لە سلێمانی 5جی-یان دەستەبەر كردووە’

هەرچەندە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم ڕەتی كردەوە لەكاركەوتنی ڕیمۆت كۆنترۆڵی بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكانی سلێمانی پەیوەندییان بە ئینتەرنێتی 5ی جی-یەوە هەبێت و ڕایگەیاند، “ئەو جۆرە ئینتەرنێتە لە هەرێم بوونی نییە”، بەرپرسی كۆمپانیایەكی پەیوەندیدار دەڵێت، لە سنووری سلێمانی هەندێك كۆمپانیا 5جی-یان دەستەبەر كردووە.

پێشەوا جەزا، بەڕێوبەری بەشی ئایتی لە کۆمپانیای ئۆنلاین گارد ڕایگەیاند، “هەندێک کۆمپانیا لە سنووری سلێمانیدا ئەو ئینتەرنێتەیان دەستەبەر کردووە و سەرقاڵی کارپێکردنین، کە ئەمەش شەپۆلەکانی هێزێکی زیاتریان هەیە لە شەپۆلە ئاساییەکان، بۆیە کاریگەری دەکاتە سەر شەپۆلی ئامێرەکانی دیكە”.

ئەو شارەزایەی ئای تی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان پەیوەندییان پێوە کردووین و ئاگاداریان کردووینەتەوە لە بوونی کێشە لە ڕیمۆت کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکانیان و هەندێکی دیكە لە ماڵەکانیاندا کێشە بۆ ئامێری ڕیمۆت کۆنترۆڵەکانیان دروست بووە، بۆیە ئێمە دەستمان کرد بە بەداواداچوون”.

ئەوەشی وتووە، “چەند هۆکارێک دەبنە هۆی تێکدانی كۆنترۆڵ ئەوانەش کۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن یان لایەنە ئەمنییەکان لەکاتی تێستکردنی ئامێرێکیاندا ئامێری بڕینی شەپۆلەکانی ڕیمۆت جێگیر دەکەن، بۆ مەبەستێکی کاتیی کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری بڕین و کار نەکردنی ڕیمۆت کۆنترۆڵەکان لە ئۆتۆمبێل یان تەلەفیزیۆن و ئامێرەکانی ماڵەوە”.

 دوێنێ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم، زانا مەلا، بەڕێوبەری نوسینگەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئینتەرنێتی 5جی بەهیچ جۆرێك كاریگەری نابێت لەسەر كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل، چونكە ڕەینجی ئەو جۆری ئینتەرنێتە زۆر بەرزە و ڕەینجی كۆنترۆڵ زۆر نزمە، هیچ پەیوەندییەكیان نییە”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، “تا ئێستا ئینتەرنێتی 5جی لە هەرێم دەستی بەكار نەكردووە و بەردەست نییە”.

ڕۆژی دووشەممە 9ی تشرینی دووەم لە پێشهاتێكی سەیردا ڕیمۆت كۆنترۆڵی بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكانی شاری سلێمانی لەكاركەوتن، هاوڵاتییانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو جۆرە ئینتەرنێتەیان بە هۆكاری كێشەكە زانی.

بابەتی پێشتر

نرخی دراوە جیهانییەکان

بابەتی دواتر

بەلەمێکی توركی خۆی بە کەشتییەکی نەوت ھەڵگریی یۆنانی-یدا كێشا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی سلێمانی بۆ نووسینگەکانی شۆفێری: لە باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان نزیکمەبنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری دەکاتەوە کە لەکاتی ڕاهێناندا نزیکنەبنەوە لە باخچەکانی ساوایان و خوێندنگەکان…
Total
0
Share