ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری دەكات

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان سزاكەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر دەرهەق بە ڕۆژنامەنوس و چالاكوانان بە “نادادپەروەرانە” ناودەبان و دەڵێت، دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی وازبهێنن لە “هەراسانکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن”.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان CPJ ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات ڕاگەیەنراوێكی لە بارەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی شێروان شێراوانی و گوهدار زێباری و ژمارەیەك چالاكوانی دیكە بڵاوكردەوە.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەڵێت، “ئەو سزایەی ئەمڕۆ بەسەر هەردوو ڕۆژنامەنوس شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری دراوە نەک تەنیا نەگونجاو و نادادپەروەرانەیە، بەڵکو دەشیسەلمێنێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وازی لەوەش هێناوە خۆی پـیشان بدات کە گرنگی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدات”.

دەشڵێت، “دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری عێراق دەستبەجێ ئەم دوو ڕۆژنامەنوسە ئازادبکەن و تۆمەتەکانیان لەسەر لابەرن و، وازبهێنن لە هەراسانکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن”.

دادگای هەولێر ئەمڕۆ سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر ژمارەیەک لەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەدا سەپاند کە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکرابوون، لەنێویاندا هەریەك لە شێروانی و زێباری هەن.

ڕێكخراوەكە لەسەر زاری محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی وتویەتی، “ئەو بەڵگانەی شێروانی پێ تۆمەتبارکراوە بەس نین و هیچ بنەمایەکیان نییە”.

هاوكات ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان دەڵێت، داوایانکردووە لە دادگای پیاداچوونەوە سزاکان کەمبکرێنەوە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی سزادراوان وتی، “دادگاییکردنەکە دوێنێ زۆر بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەباشی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمڕۆ بەپێچەوانەوەبوو جیاواز لە دوێنێ و ئەگەری کاریگەری لاوەکی زۆر لە دادگاییکردنەکەدا دەردەکەوت”.

وتیشی، دادگای ھەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەك لە “شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا و گوهدار زێباری”دا سەپاند.

ئەو پارێزەرە وتیشی، “سزادانی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە بە شەش ساڵ ئێمەی شۆک کرد، بەداخەوە ئەو تۆمەتانەی داواکاری گشتی دەیدانە پاڵ دەستگیرکراوەکان سەرسوڕهێنەربوون”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خاوەنی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ ئاگاداردەکرێنەوە

هاتوچۆی چەمچەماڵ رایگەیاند، خاوەنی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان،  سبەینێ ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ پشکنین ئامادەبکەن. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ، رایگەیاند، لیژنەی پشکنینی ئۆتۆمبێلە…
زیاتر ببینە

بە ئەشکەنجە دانپێدانانیان پێکراوە‏
زیندانیانی شیلادزێ: یەكلانەكرێینەوە تا مردن لە مانگرتن بەردەوامدەبین

پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شیلادزێن ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی دۆخیان و دانپێدانانەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە…
Total
0
Share