بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەرکی هەموومانە پێکەوە پارێزگاری لە خاک و خەڵکەکەمان بکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا ڕاگەیاند، “بەداخەوە جارێکی دیکە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و شاری هەولێری خۆشەویست ڕووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بووەوە. بەتووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەم و هیوای سەلامەتی بۆ خەڵکی خۆشەویستی هەولێر دەخوازم”.
دەشڵێت، “دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە مایەی نیگەرانییە و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان. ئەرکی هەموومانە پێکەوە پارێزگاری لە خاک و خەڵکەکەمان بکەین و رووبەڕووی تەحەدییەکان بووەستینەوە”.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، “پاراستنی ئاسایشی هەولێر و سەلامەتی گیانی خەڵكەكەی بە ئەركی خۆمان دەزانین. یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكە”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی مووشەكی بۆسەر هەولێر ئەنجامدرا، دوای هێرشەكە دژەتیرۆری کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، “کاتژمێر 1ی ئەمشەو لەڕێگەی 12 مووشەکی بالیستی گەڕەکێکی شاری ھەولێریان بە ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردەئامانج، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.