نووسینگەی رۆژنامەوانیی مستەفا سەید قادر، كە لەسەر پشكی گۆڕان جێگری سەرۆكی هەرێمە، لێدوانێك ڕەتدەكاتەوە كە بەناویەوە بڵاوكراوەتەوە لەبارەی نەكشانەوەیان لە حكومەت و بەڵێندان بە پارتی.
دوێنێ لە بەشێك لە میدیا و سۆشیال میدیاكانی هەرێمی كوردستان لێدوانێك بەناوی مستەفا سەید قادر-ەوە بڵاوكرایەوە، گوایە ڕایگەیاندووە، “بەڵێنمان بە پارتی داوە تا تەمەنی چوار ساڵی کابینەی نۆیەم لە حکومەت ناکشێینەوە”.
بەڵام نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی ناوبراو ئەو لێدوانە ڕەتدەكاتەوە و میدیا و سۆشیال میدیاكان بە “ئاراستەکراو” و زانیارییەكەش بە “بێ بنەما” و “ناڕاست” وەسفدەكات.
نووسینگەكەی مستەفا سەید قادر دەڵێت، “لەڕێی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە ھەموو لایەک ئاگاداردەکەین ئەو زانیارییە درۆیە و دروستکراوە و هەڵبەستراوە”.