سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵى دادگهریی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگهیاند، ڕێکخراوێکی ئەڵمانی ڕازیکردووە، ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە ئۆکرانیا گیریان خواردووە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵى دادگهریی لە پەرلەمانی کوردستان لە ههژمارى تایبهتی خۆی لە تۆڕی كۆمهڵایهتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، “لەگەڵ چەند دۆست و هاوڕێیەکم لە ڕێکخراوێکی مرۆیی ئەڵمانی قسەم کردووە بۆ بەهاناوەچونی ئەو هاوڵاتییە کوردانەی کە ئێستا لە ئۆکرانیا گیریان خواردووە و ڕێگای دەربازبوونیان نیە، ئەوانیش داواکەیان قبوڵ کرد”.
داواشی لە هاوڵاتییان کردووە، هەرکەسێکیان، خزمێک یان کەسێكی لە ئۆکرانیا هەیە با ناو و ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانەکەی بنێرێت تا بیداته ئەو ڕێکخراوە و بە زووترین کات بیانگوێزنەوە بۆ ئەڵمانیا .
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵى دادگهریی داواش دەکات، هاوڵاتییان لە ڕێگەی واتس ئەپ ژمارە تەلەفۆنی 07704955555 زانیاریی کەسوکارەکانیان بنێرن.