پۆلیسی هەولێر دەڵێت، هێزەكانیان بەهاوكاری هێزە ئەمنییەكانی دیكەی هەولێر و كەركوك “بكوژی” ماریا-یان لەگەڵ تۆمەتبارێكی دیكە دەستگیركردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ توانرا “بكوژی” ماریا بەناوی (ا.س.م.) و کەسێکی دیكە کە تۆمەتباری داڵدەدابوو لە کەرکوک دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە لەو هەوڵەدا هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک، نەهێشتنی تاوانی کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک هەماهەنگییان كردووە.
ڕوونیشیكردوەتەوە، لەئێستادا تۆمەتباران دەستبەسەرن و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای دەستگیركردنی “بكوژی” ماریا سامی ئاشكراكرد.
كاتژمێر 11ی شەوی یەكشەممەی ڕابردوو لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر نزیك شەقامی غەزالی ژنێكی تەمەن 20 ساڵان بەناوی (ئیمان سامی مەغدید) و هەڵگری نازناوی (ماریا) بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا.
دوای ڕووداوەكە پۆلیسی هەولێر لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە و مام و برایەكی قوربانییەكەی وەك تۆمەتبار دیاریكرد.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا مامی قوربانییەكە دەستگیركرا.