ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئەو سیستمەی تایبەتبوو بە کاری چاودێریکردنی لەدوورەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی چێرنۆبڵ، وەستاوە لە ناردنی زانیارییەکان، ئەوەش نیگەرانیی دروستكردووە.
وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ، وێستگەیەکی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایە، کە لە ساڵی 1986دا خراپترین ڕووداوی ئەتۆمیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدا ڕوویدا، هەر لەیەکەم ڕۆژی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ڕوسییەكانەوە کۆنترۆڵکرا.
ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “ناردنی داتا و زانیارییەکان لەلایەن ئەو سیستمەی کە لەدوورەوە چاودێریی پارێزراوی و “گرەنتی”ی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵمان پێدەکرد، وەستاوە لە کارکردن”.
“گرەنتی” زاراوەیەکە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەکاریدەهێنێت بۆ ئەو تەکنیکەی بەکاریدەهێنن بۆ ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان، بەئامانجی ڕێگریکردن لە هەر بڵاوبوونەوەیەکی چەکی ئەتۆمی لەڕێگەی ئاشکراکردنی خێرا و بەپەلەی هەر بەکارهێنانێکی خراپ، یان هەڵە.
تائێستا 200 کەس لە کەسانی هونەری و پاسەوانەکان لە وێستگەی چێرنۆبڵ ماونەتەوە، لەماوەی 13 ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ڕوسیاوە کاردەکەن.
لەوبارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای لە ڕوسیا کرد ڕێگەبدات بە کارمەندانی ئەو وێستگەیە ئاڵوگۆڕی کاتی کارەکانیان بکەن لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیان، هەروەها کاتی کار و پشوویان هەبێت، ئەمەشی وەک مەرجێک بۆ سەلامەتی و پارێزراویی وێستگەکە داناوە.
گرۆسی هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی کارمەندانی وێستگەکە سەخت و ماندوکەرە، بۆیە ئەگەری دروستكردنی مەترسی لەلایەن وێستگە ئەتۆمییەكەوە ئەگەرێكی نزیکە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، ناردنی داتا و زانیارییەکان بۆ یەکەی چاودێریکردن لە ئۆکرانیا لە وێستگەکەوە پچڕاوە، تەنها لەڕێگەی پۆستەوە دەتوانن پەیوەندییان بە وێستگەکەوە هەبێت، بۆیە داوای سەردانکردنی ئەو وێستگەیە یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کرد لە وێستگە کارەباییەکانی ئۆکرانیا کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک لە سەلامەتی و پارێزراوی.
ڕۆژی هەینیش سوپای ڕوسیا کۆنترۆڵكردنی وێستگەی زاپۆرژیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کرد، کێیڤ ڕوسیای بە بۆدرومانکردنی وێستگەکە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەو وێستگەیە تۆمەتبارکرد.