بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی دوو شەو بەرلە ئێستا لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر کوژرا ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر کچێک و کچەکە داوای بەهاناوەچوونی کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، “دوێنێ ڕۆژی يه ك شەممە 2022/3/6 کاتژمێر 9:00ی شەو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شەقامی 150 مەتری نزیک بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و بانکی منارە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کەسێک بەناوی (صادق عبدالخالق جمال)کوژراوە”.
بەپێی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی هەولێر، کوژراوەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا ژنێکی لەگەڵدابووە بەناوی (ا.ا.م) و هەوڵی دەستدرێژیی داوە بۆ سەر کچەکە و ئەویش داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی کردووە.
کاتێک پاسەوانەکانی بانکی منارە کە سەر بە هێزەکانی زێرەڤانین گەیشتونەتە لای ئۆتۆمبێلەکە بۆ بە هاناوەچونی کچەکە، شوفێرەکە هەوڵی ڕاکردنی داوە لەئەنجامدا تەقەکراوە و بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی شوفێرەکە.
ئێستا هەردوو تۆمەتباری تەقەکەر و کچەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.