بەرپرسێكی وەزارەتی كاری عێراق دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری كرێكارانی خانەنشین ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، لەمەودوا مانگانە پاداشتیشی لەگەڵ دەبێت.
خلود حەیران، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خانەنشینان و بیمەی كۆمەڵایەتیی كرێكاران ڕایگەیاند، فەرمانگەكەیان سەرجەم ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە دەستپێكردنی مووچەی كرێكارانی خانەنشینكراوی تەواوكردووە.
وتیشی، لە سبەینێ پێنجشەممەوە مووچەكانیان بۆ خەرجدەكرێت لەگەڵ پاداشتێك بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك تا دەرچوونی یاسای نوێ.
پێچەوانەی مووچەخۆرانی سەر بە حكومەتی ناوەند، تائێستا هیچ كام لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
ئەگەرچی حكومەتی هەرێم بڕیاریدابوو لە 25ی هەموو مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت، بەڵام بۆ ئەم مانگە تائێستا دەستی پێنەكراوە.