سزا وەرزشییەکان کاریگەرییان لەسەر ڕوسیا دەبێت؟

میوانداریکردنی ڕوسیا بۆ جامی جیهانیی 2018 و ئۆڵیمپیادی زستانەی سوچی 2014، هەروەها سپۆنسەرکردنی یوێفا لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی، ئامرازێکی گونجاو بوو بۆ باشترکردنی وێنەی ڕوسیا لە جیهاندا و ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە پێگەیەکی گەورەی مسۆگەرکرد.

بەڵام بڕیارەکەی پوتین بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا درەوشانەوەی جیهانیی ڕوسیای وێرانکرد، ڕووبەڕووی قورسترین سزا ئابووری و وەرزشییەکان بوونەوە.

شاری سانت پترسبۆرگ مافی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لێسەندرایەوە و ئەو مافە بەخشرا بە شاری پاریس، هەروەها چارەنووسی گرێبەستی نێوان گازپرۆم و یوێفا کۆتایی پێهێنان بوو، کە بەهۆیەوە ساڵانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا 40 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوت.

خەڵاتی گەورەی ڕوسیا لە زنجیرەی پێشبڕکێکانی فۆرمولا 1 هەڵوەشێنرایەوە، لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵیمپی ئاڵای ڕوسیا و ژەنینی سروودی نیشتمانی ئەو وڵاتەی لەسەرجەم بۆنە و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغەکرد، لەوانەش قورستر دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ڕوسیا بوو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022.

سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی بەریتانیا، هیو ڕۆبێرتسۆن، پێیوایە سزا وەرزشییەکان کاریگەری لەسەر وەستاندنەوەی ڕوسیا دەبێت، لەو بارەیەوە بە “فرانس پرێس” دەڵێت، “وەرزش نەگونجاوە بۆ ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان”، دوورخستنەوەیان لە کێبڕکێکان زیانێکی زۆر قورسیان پێدەگەیەنێت”.

هەروەها دەڵێت، “ئەگەر پوتین پشتگیریی گەل لەدەستبدات، کۆتایی پێدێت، لەوانەیە کاردانەوەی کۆمەڵگەی وەرزشی ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر گەلی ڕوسیا دروستکردبێت”.

بێبەریبوونی وەرزشکاران و خۆلادانیان لە جەنگ

ئەستێرە وەرزشییەکانی ڕوسیا لە دەربڕینی نیگەرانییەکانیان شەرم ناکەن،  چەندینێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەبەردەم سکرینی کەناڵەکاندا خەمباری و ناڕازیبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە.

ئاندی ڕوبلێڤ، ئەستێرەی تێنسی سەرزەوی و براوەی پاڵەوانێتی دوبەی، یاخود فیدۆر سمۆلۆڤی یاریزانی تۆپی پێ و ئەلێکس ئۆڤیچکینی یاریزانی هۆکی سەر سەهۆڵ لە خوولی ئەمریکا، پاڤێل سیڤاکۆڤی پایسکلسوار بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە، “ئێمە دژی جەنگین”.

مایکڵ پەین، بەڕێوەبەری پێشووی بواری بەبازرگانیکردن لە لیژنەی ئۆڵیمپیی نێودەوڵەتی، دەڵێت: “تێڕوانینی وەرزشوانانی ڕوس و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەبەردەم هەوادارانیان، دەتوانێت گومانی خەڵکی ڕوسیا لە بڕیاری سەرکردایەتییەکانیان بەهێزتر بکات، دەشتوانێت پشتیوانیی ناوخۆیی بۆ جەنگ لاوازبکات”.

پارەی ڕوسی

تێرینز بێرنز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی لیژنەی ئۆڵیمپیی نێودەوڵەتی دەڵێت، “ڕوسیا دەبێت باجی ئەو کارە بدات کە کردوویەتی، بەداخەوە ئەو باجدانە وەرزشکارانیش دەگرێتەوە”.

هەروەها دەڵێت، “زۆر کەس وەک من لەو باوەڕەدان، یارمەتیدانی ڕوسیا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ڕێکخستنی ئۆڵیمپیاد و مۆندیال یارمەتیدەر بوو بۆ کرانەوە و ئازادکردنی کۆمەڵگای ڕوس بەڕووی جیهان، بەڵام ئێمە دیسان هەڵەبووین”.

بەرپرسانی ئۆڵیمپی و نێودەوڵەتی پێیانوایە، باشترین چارەسەر بۆ سزادانی ڕوسیا لەڕووی وەرزشییەوە هەڵپەساردنی کاروباری سپۆنسەرە ڕوسییەکان، خاوەنی یانەکان، سەرجەم سەرمایەی ئەو وڵاتەیە لە بواری وەرزش، بەو جۆرە زیانێکی دارایی قورسیان بەردەکەوێت و سزادانەکان جێگەی خۆیان دەگرن، فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپا و لیژنەی ئۆڵیمپیی جیهانیش بەو ئاڕاستەیە هەنگاویانناوە.

سەرۆکی لێژنەی ئۆڵیمپیی بەریتانیا، هیو ڕۆبێرتسۆن، کە تەمەنی 59 ساڵە، دەڵێت” ڕەنگە پێویست بکات وەرزشی جیهانی پارەی ڕوسیا لە سەرجەم بوارەکان داببڕێت”.

لەکۆی گشتی لێکدانەوەکانیش بۆماندەردەکەوێت، سزادانی سێکتەری وەرزشیی ڕوسیا، قەدەغەی کۆمپانیا بازرگانییەکانیان زیانێکی قورسیان لێدەدات، ڕەنگە چەندین ساڵ بیانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، تەنانەت لە حاڵەتی ئاشتیدا پێویستیان بە دەیان ساڵ چارەسەربوون دەبێت لەو زامەی لە وەرزشەکەیان دەدرێت.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا ژمارەی كوژراوانی ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

حكومەتی بەغداد مووچەی ئەم مانگەی توێژێك بە پاداشتەوە دابەشدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share