جیهان ئێستا چاوی لەسەر هێرشەکانی سەر ئۆکرانیایە، بەڵام ئاماژەیەک خواستی ڕوسیا بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ دەردەخات.
ئەو ئاماژەیە لە ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیای هاوپەیمانی ڕوسیا، کە هێرشی سەر ئۆکرانیا لەسەر نەخشەیەک ڕووندەکاتەوە، دەرکەوتووە.
نەخشەکە ناوچەی هێرشە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا ڕووندەکاتەوە، بەپێی ڕۆژنامەی “THE SUN”ی بەریتانی نەخشەکە دەریدەخات وڵاتی مۆڵدۆڤای دراوسێ ئامانجی دووەمی ڕوسیایە و لەسەر نەخشەکە وەک شوێنێک کە کردەی سەربازیی تێدا ئەنجامدەدرێت دیاریکراوە.
وڵاتی بیلاڕوسیای هاوپەیمانی ڕوسیا خاکەکەی بەکارهێناوە بۆ هاوکاریکردنی ڕوسیا بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا، بەپێی لێدوانەکان کە لە کیێڤەوە دراون، بەڵام مینسک ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژە بەوەدەکەن تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆئەوەی نیشانی بدات سوپای بیلاڕوسیا سنوورەکانی خۆیان تێپەڕاندووە بەرەو ئۆکرانیا.
لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕاپۆرتە هەواڵییە ڕۆژئاواییەکان باس لەوەدەکەن، مۆسکۆ دەیەوێت هێرشەکانی فراوان بکات کە مۆڵدۆڤا یەکێکە لە ئامانجەکان.