كوردێكی ئاوارەبووی ئۆكرانیا: دۆخمان زۆر خراپە و نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم ‏وەڵاممان ناداتەوە

هەزاران ‏كورد و عێراقی لە ئۆكرانیان، كە ژمارەیەكی زۆریان خوێندكارن

هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا كوردانی ئەو وڵاتەی خستووەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، ‏خوێندكارێكی كورد دەڵێت، بەشێك لە كوردەكان ئاوارەی سنوورەكان بوون، هەندێكیشیان ‏خۆیان حەشارداوە و ناتوانن بێنەدەرەوە.‏

ئارا حاجی، خوێندكاری كورد لە ئۆكرانیا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەزاران ‏كورد و عێراقی لە ئۆكرانیان، كە ژمارەیەكی زۆریان خوێندكارن.‏

وتیشی، “بەهۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، ژمارەیەكی بەرچاوی كوردانی وڵاتەكە ‏گەیشتوونەتە سەر سنوورەكان و هەندێكیان پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتانی دیكە، هەندێكی دیكەش ‏لە ژێرزەمینەكان خۆیان حەشارداوە و ناتوانن بێنەدەرەوە”.‏

ئارا، كە خۆی یەكێكە لەوانەی ئۆكرانیای بەرەو سنووری پۆڵەندا جێهێشتووە، وەك خۆی ‏دەڵێت، زیاتر لە چوار ڕۆژ بەڕێگاوە بووە و دەڵێت، دۆخیان زۆر خراپە و كەشوهەوا ‏زۆر ساردە و خۆراك و خواردنەوەیان پێنییە.‏

ئاشكراشیكرد، زۆرینەی كوردەكان بەرەو سنووری وڵاتانی پۆڵەندا، ڕۆمانیا، هەنگاریا و ‏سلۆڤاكیا ڕۆیشتوون، هەندێكیشیان پەڕیونەتەوە.‏

ئەو خوێندكارە گلەیی ئەوەشیكرد، بەهیچ جۆرێك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاری ‏نەكراون، تەنانەت نوێنەرانی حكومەت وەڵامی تەلەفۆنیش نادەنەوە. دووپاتیشیكردەوە، ‏تائێستا هیچ لایەنێكی عێراقی و كوردی هاوكاریی كوردانی وڵاتەكەی نەكردووە.‏

لەنێو ئاوارەبووەكاندا خوێندكارانی پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، ئەندازیاری و بەشەكانی ‏دیكە هەن، بەمەش هەم چارەنووسی خۆیان و هەم چارەنووسی خوێندنەكەیان بەنادیاری و ‏هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.‏

بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕوسیا دەستپێكردنی هێرشی بۆسەر ئۆكرانیا ڕاگەیاند، ‏لەماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی كۆڵان بەكۆڵان گەیشتووەتە چەندین شاری ‏وڵاتەكە و بەهۆیەوە هەزاران كەس ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون.‏

بابەتی پێشتر

خۆشتنەکەی کریستیانۆ نزیکی ملیارێکی کۆکردەوە !

بابەتی دواتر

بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵانەوە درا ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share